لە نامەیەكدا بۆ بەشار ئەسەد، كازمی داوای پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و سوریا دەكا
  2020-08-26       774       

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، نامەیەك ئاڕاستەی بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریا دەكات و تێیدا داوای پتەوكردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان هەردو وڵات لە سەرجەم بوارەكاندا دەكات.

ئاوێنە: بەگوێرەی ئاژانسی رەسمی هەواڵی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، پەیامێكی زارەكی مستەفا كازمی، سەرۆكی وەزیرانی عێراقی گەیاندۆتە بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریا.

بەپێی ئاژانسەكە، فالح فەیاز، ئەمڕۆ لە دیمەشق چاوی بە بەشار ئەسەد كەوتوەو نامەكەی كازمی پێ گەیاندوە كە پەیوەستە بە پتەوكردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان هەردو وڵات لە سەرجەم بوارەكانداو بەردەوامیی راوێژو هەماهەنگییەكان سەبارەت بە پێشهاتەكانی دۆخی سیاسی و ئەمنی لە ناوچەكەو بەردەوامی هەوڵەكانی روبەڕوبونەوەی تیرۆرو بەهێزكردنی ئاسایشی سنوری نێوان هەردو وڵات.

ئاژانسەكە هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە بەشار ئەسەدو فالح فەیاز تاوتوێی بەردەوامیی هەمانگی هەوڵەكانی نێوان عێراق و سوریایان لە بواری روبەڕوبونەوەی تیرۆردا كردوە.

هەروەها جەختیشیان كردۆتەوە كە ئەو ئاڵنگارییە ئابوری و ئەمنیانەی كە روبەڕوی ناوچەكە بونەتەوە پێویستیان بە هاریكاری پتەوی نێوان وڵاتان هەیە لەپێناو "شكستپێهێنانی پلانەكان و دانانی سنورێك بۆ دەستوەردانی بیانی."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×