جوتیار عادل: هەرێم ئامادەیی‌ بۆ رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت‌و 50% داهاتی خاڵه‌سورییه‌كان ده‌ربڕیوه‌
  2020-08-28       1133       
جوتیار عادل
جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاندووه‌، هەرێمی‌ كوردستان ئامادەیی‌ خۆی‌ بۆ رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی‌ ڕۆژانه‌‌و 50% داهاتی خاڵه‌سورییه‌كانی‌ به‌به‌غدا ده‌ربڕیوه‌.

ئاوێنه‌: جوتیار عادل بەماڵپەڕی "العربی الجدید"ی راگەیاندوە، لەئێستادا دۆخێکی ئەرێنی لەپەیوەندییەکانی حکومەتی نوێی‌ عێراق بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی‌‌و حکومەتی هەرێم هاتۆته‌ پێش بۆ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر مافه‌ده‌ستورییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، بەڵام لەبارەی کێشە بنەڕەتییەکان تائێستا نەگەیشتونەتە رێککەوتن‌، به‌ڵام گفتوگۆ بەردەوامە.

ناوبراو ده‌ڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ رادەستکردنی نەوت بەغداو بەشداریکردن لەئامادەکردنی بودجەی گشتی وڵات، کە بەگوێرەی رەشنوسی رێککەوتنەکی نێوان هەردولا رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت‌و 50% داهاتی خاڵە سنورییەکانی هەرێم رادەستی بەغدا دەکرێت.

بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و حکومەتی عێراق کراوەو رۆژی‌ 2020/8/16 لەلایەن ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڵاوکرایەوە. هەردولا رێککەوتون کە:
 
یەکەم: گومرگ
ئەلف: یەکخستنی رێکارەکانی دەروازە سنوورییەکان ئاسمانی، وشکانی‌و دەریایی؛ دەکرێت گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی دەرەکی بکرێت و رێکبکەون لەسەر ژمێرەی گومرگی، ئەوەش دوای جێبەجێکردنی رێککەوتنی هەردوولا. تیمێکی کاری تەکنیکی پێکدەهێندرێت لەفەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە.
 
با: یەکخستنی رێکارەکانی گومرگ و دەروازەکان لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەواوی دەروازەکانی حکومەتی فیدراڵی بە هەر رێگەیەکی کارکردن کە پشتی پێدەبەسترێت لەگەڵ پێناسەی گومرگی یەکگرتوو.
 
جیم: دانانی سیستمێکی ژمێرە لەبارەی داهاتە گومرگییە بەدەستهاتووەکان لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و مامەڵەکردن پێی بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە 6ی ساڵی 2019.
 
دال: دانانی رێنمایی و رێکارەکان، کە حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان پێوەی پابەندبن بۆ تووندتۆڵکردنی هاتنی کەرەستە و کاڵای هاوردەکراو بەپێی یاسای گومرگی فیدراڵی و یاساکانی دیکە.
 
دووەم: پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی
ئەلف: مانگە بڕی 320 ملیار دیناری عێراقی بۆ هەریەک لە مانگەکانی ئاب، ئەیلول و تشرینی یەکەم بۆ هەرێمی کوردستان خەرجدەکرێت بەمەبەستی پڕکردنەوەی هەندێک لە خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان، کە نابێت بڕەکەی زیاتربێت لەو پارەی حکومەتی ناوەندی کە لە ساڵی 2019 داویەتی. دیاریکردنی ئەو بڕە پارەیەش بەهۆی ئەمە بووە:
 
یەکەم: تاوەکو ئێستا بودجەی فیدراڵی 2020  نییە.

دووەم: حکومەتی ناوەندی  ژمارەی وردی لا نییە لەبارەی مووچەی مانگانە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان خەرجیدەکات.
 
سێیەم: ئەو بڕە پارەیەی سەرەوە هاوکێشەیەکی  ژمێریارییە لەسەر بنەمای مەزەندەی حکومەتی فیدراڵییە لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەی خانەنشینان کە حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە خەرجیدەکات و لەگەڵ مەزەندەی داهانی نەوتی  و داهاتەکانی دیکە.
 
چوارەم: دەبێت حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبن بە سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوتی لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس بەپێی رێژەکە.
 
با: بۆ ساڵانی داهاتوو رێککەوتن دەکرێت لەسەر دیاریکردنی بڕی دادپەروەرانەی بودجەی هەرێمی کوردستان، هەموو یاساکانی بودجە پێوەری دەستوور و رێژەی دانیشتووان و داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو دەگیرێت لە ساڵی پێشووی خۆی و چۆنییەتی ژماردنی.
 
3- لەماوەی زیاتر نەبێت لە 35 رۆژ، رێککەوتن دەکرێت لەسەر میکانیزمی دانەوە و خشتەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە بانکی TBI.
 
4- لە بابەتەی وردبینی ژمێریارییدا لیژنەیەکی هاوبەش دروستدەکرێت کە پێکدێت لە دیوانی چاودێری دارایی،  فیدراڵی و  هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی بابەتی حیساباتی کەڵەکەبوو لای هەردوولا، رێککەوتن لەسەر رێگای یەکلاییکردنەوە و چارەسەکردنی ئەو حیساباتانە لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە حیساباتی ساڵی 2014 تاوەکو 2020، هەرێمی کوردستان هەموو زانیارییەکان پێشکەشدەکات، کە حکومەتی ناوەندی داوایکردووە.
 
5- چارەسەرکردنی قەرزەکانی پێشووی هەرێمی کوردستان، لاری نەبوونی هەرێمی کوردستان لەسەر پێشکەشکردنی زانیاری دیکەی پێویست، بەمەبەستی دانانی پلانێکی کارکردن بۆ چارەسەرکردنی. 
 
6 حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕیوە بۆ رێککەوتن لەسەر دۆسیەی وزە بە دۆسیەکانی کارەبا و گازیشەوە بەپێی چوارچێوەی یاسایی و تەکنیکی هەردوولایەنی پسپۆر لەهەردوو حکومەت رێکەوتنی لەسەردەکات.
 
7- ئەو رێکارەکانی کاری پێدەکرێت تاوەکو پەسندکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×