لەسەر گرانبونی نرخی مریشک ڕونکردنەوە دەدرێت
  2020-08-28       1022       
کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی هۆکاری گرانبونی مریشک لەبازاڕەکاندا ئاشکرا دەکات‌و ڕایدەگەیەنێت كه‌ لەمانگی سێی ئه‌مساڵه‌وه ‌تاكو مانگی هه‌شت بڕی ٢٥ ملیار دینار زیان بەر خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان کەوتووە.

ئاوێنە، زریان محەمەد: نازم عه‌بدوڵا، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بەئاوێنەی ڕاگەیاند، "مریشک نرخی بەو شێوەیە بەرزنەبۆتەوە كه‌ زیانی خاوەن کێڵگەکان پڕبکاتەوە، ئەم بەرزبونەوەیەش کاتییەو یه‌ك كیلۆ مریشك لەناو کێڵگە پەلەوەرییەکاندا بە ٢ هەزارو ٤٠٠ دینار دەفرۆشرێت".

راشیگەیاند، "تا ئێستا نه‌خۆشی‌ نیوکاسڵ لەناو کێڵگە پەلەوەرییەکاندا هەرماوەو ڕۆژانە چەندین مریشک بەهۆیەوە دەمرن و دەبێتە زیان بۆ خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان کە تائێستا زیانی بە لە ٪٨٠ کێڵگەکان گەیاندووە".

ئەوەشی ڕونکردەوە كه‌ لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا کۆتایی مانگی هەشت بەبڕی ٢٥ ملیار دینار زیان بەر خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان کەوتووە.

جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان دەشڵێت، "بەتەنها پارێزگای سلێمانی ساڵانە بڕی ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ هەزار تۆن مریشکی زیندو بەرهەمدەهێنین بەبەڵگەو داتا ئەوە دەسەلمێنین، بۆیە داواکارین لەهەموو لایەنەکان‌و دەستگاکانی ڕاگەیاندن پشتیوانی له‌م به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییە بکەن‌و ڕێگریی له‌داڕمانی‌ بكه‌ن".

ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات كه‌ لەئێستادا حکومەتی هەرێم نرخی گومرگی لەسەر هێلکەی تروکاندن بەرزکردۆتەوە، ئەمەش هۆکارێکی ترە بۆ گرانبونی نرخی مریشک.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×