ئێزیدیەکان لەقەیرانێکەوە بۆ قەیرانێکی تر
  2020-08-29       406       

ئاوێنە، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پزیشکانی بێ سنوور



پەتای جیهانی کۆڤید-19 کاریگەرێکی گەورەی کردۆتە سەر یەزیدیەکان لە قەزای شنگال. هەرچەندە تا ئێستا ژمارەیێکی زۆر  حاڵەت لە ناوچەکە تۆمار نەکراوە، ڕێوشوێنەکانی سنووردار کردنی هاتوچۆ کە لە عێراق پەیڕەو دەکرێن (وەک لە چەندان وڵات لە جیهان) بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بارگرانی زۆری خستۆتە سەرشانی خەڵکی ناوچەکە.



بڵاوبونەوەی نەخۆشی کۆڤید-١٩ ڕێوشوێنی هاتوچۆی توندی لەگەڵ خۆیدا هێنا لە سەرتاسەری عێراق، لەوانە هاتوچۆنی نێوان شارەکان. لە شنگال، ئەم ڕێوشوێنانە بەشێوەیێکی گەورە کاریگەریان کردۆتە سەر دۆخی ئابوری و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک ناوچەکە و بەمەش تەندروستی دەروونیان. زۆربە خەڵکی شنگال بێکارن و لە ژێر هێڵی هەژاری دەژیان و ئێستاش لەگەڵ گەیشتنی کۆڤید-19، ئەوانەشی کاریان هەبوو بێکارن و ناچارن لە ماڵەوە دابنیشن بێ ئەوەی بتوانن بژێوی خێزانەکانیان دابین بکەن.
عائید ناسڕ لە ساڵی 2018ەوە لەگەڵ ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور کاردەکات وەک سەرپەرشتیاری پەرستاران لە نەخۆشخانەی گشتی سنونی. عاید خێزاندارە و خاوەنی چوار منداڵە و دانیشتوی کامپی چەمشکۆیە بۆ ئاوارەکان لە دهۆک. عائید ماوەی پێنج مانگە چاوی بە خێزانەکەی نەکەوتوە بەهۆی ڕێوشوێنەکانی قەدەغەی هاتوچۆ کە بەهۆیەوە ناتوانێت بچێتەوە دهۆک.
لە بارەی بارودۆخی شنگالەوە عاید دەڵێت "زۆربەی خەڵکی شنگاڵ یان جوتیارن یان کرێکارن و کاری سەربەخۆ دەکەن لە دەرەوەی شنگال کە تەنها چەند ڕۆژێک دەخایەنێت.  ڤایرۆسی کۆڕۆنا هەموو کار و بارەکانی ڕاگرت و خەڵک ناتوانن بچنە دەرەوەی شارۆچکەکە بۆ کار. جوتیارەکانیش تەنانەت مایەی ڕەنج و ماندوبوونیشیان بۆ نەگەڕاوەتەوە. بازرگانەکان لە پارێزگاکانی ترەوە ناتوانن بێن و بەرهەمەکانی جوتیاران بکڕن و لە پارێزگاکانی تر ساغیان بکەنەوە. بۆیە دانەێڵەو سەزەکان چارەنوسیان کۆنبوون و بۆگەن بوونە. پێش کۆڕۆنا خەڵک بژێوێکی کەمی هەبوو. بەڵام ئێستا هیچ."
بۆ زۆر لە دانیشتوانی ناوچەکە، لەدەستدانی توانستی دابینکردن بۆ خێزانەکانیان هەروەها زۆری کات وبەتاڵی و ترس و نەبوونی دڵنیایی دەربارەی داهاتوو و  نەبوونی ڕێگەیێک بۆ شادبوون بە خانەوادەکانیان لە کوردستان، چەند هۆکارێکن لەپاڵ چەندانی تر کە بونەتە هۆی کەڵەکە بوونی بێهیوایی و فشار و کاریگەری زیان بەخش لەسەر خەڵکانێک کە هەوڵیدەدەن بەسەر  ئەزمونە تۆقێنەرەکانی ڕابردویان زاڵبن.
" بەرزبوونەوەمان بینیوە لە توندوتیژی خێزانی. پیاوەکان لە ماڵەوە دانیشتون بێ کار و ناچارن کاتی زۆر زیاتر لەگەڵ خێزانەکانیان بەسەر ببەن لەوەی لێی ڕاهاتوون. دوای ئاسان کردنی ڕێکارەکان قەدەغەی هاتوچۆ بەشێوەیێکی کاتی، چەندین ئافرەتمان پێگەیشتوە کە پێیان ڕاگەیاندوین کە هاوسەرەکانیان لەم ماوەیەدا توندوتیژیان بەرامبەر ئەوان و منداڵەکانیان کردوە. لێرەدا، ڕەفتاری توندوتیژ و توڕەیی بەرامبەر ئەندامانی خێزان وەک دەرچەیێک بەکاردێت بۆ کەمکردنەوەی فشار و دڵەڕاوکێ." فیبی یۆنکیو بەڕێوبەری چالاکیەکانی تەندروستی دەروونی لە پڕۆژەی پزیشکانی بێ سنوور لە سنونی وتی. "هەروەها تێبینی بەرزبونەوەی حاڵەتەکانی خەمۆکیمان کردوە لە نێو دانیشتوانی شنگال و باوەڕمان وایە قەدەغەی هاتوچۆ ڕۆلێکی گەورەی هەبووە لەم بەرزبونەوەیە. لە چەند مانگی پێشوو، ژمارەیێکی زۆر نەخۆشمان پێگەیشت کە بیری خۆکوشتنیان هەبوو وهەوڵیان بۆ دابوو، کە ئەمانەش نیشانەی توندی خەمۆکین".
بەهۆی ئەم ڕێوشوێنانەش کە گراونەتەبەر، گەیشتن بە چاودێری تەندروستی کێشەیێکی ترە کەخەڵکی ناوچەکە پێوەی دەناڵێنن. شانا مۆریس، پزیشک لەگەڵ پزیشکانی بێ سنوور لە سنونی دەڵێت " پێش قەدەغەکانی هاتوچۆ، ئەو خەڵکانەی کە پێویستیان بە خزمەتگوزاری پزیشکی تایبەتمەند بوو دەنێردرانە نەخۆشخانەکانی دهۆک لە. ئێستا خەڵک ناتوانێت بچێت بۆ دهۆک و تاکە شوێنی بەردەست موسڵە. بۆ سەردانی کردنی موسڵ بۆ چارەسەری تەندروستی دەبێ لەنێو ئەمبوڵانس دابن بۆ ئەوەی لە خاڵەکانی پشکنین ڕێگایان پێ بدەن. نەخۆش بە تێکڕایی نزیکەی چوار کاتژمێری پێدەچێت بۆ بۆ گەیشت بە نەخۆشخانەیێک لە موسڵ. سەڕەڕای ئەوەش، زۆرێک لە یەزیدیەکان دوودڵن لە چوون بۆ موسڵ، هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە زۆرێک لە یەزیدیەکان زمانی عەرەبی نازانن قسەکردن ولێک تێگەیشتن زەحمەتە وەیان بەهۆی ڕوداوەکانی 2014ەوە".
بۆ زۆربەی دانیشتوانی گوندەکان لە شنگال، تاکە بژاردەی بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی نەخۆشخانەی گشتی سنونیە، کە تێیدا پزیشکانی بێ سنوور خزمەتگوزاریەکانی فریاگوزاری و منداڵبوون پێشکەش دەکات. بەڵام سەردانی ئافرەتان بۆ نەخۆشخانەکە کەم بۆتەوە. دێبرا ئەدیلاید، بەڕوبەری چالاکیەکانی مامانی پزیشکانی بێ سنوور لە سنونی وتی "ژمارەی نەخۆشەکانمان لە نۆڕینگەی دەرەوە بەشێوەیێکی بەرچاو کەمی کردوە. ژنان ناتوانن سەردانمان بکەن بۆ چاودێری تەندروستی پێش منداڵبوون یان دوای منداڵبوون وخزمەتگوزاریەکانی وەچەخستنەوە چونکە ناتوانن لە خاڵەکانی پشکنین تێپەڕبن چونکە بە حاڵەتی فراگوزاری هەژمار ناکرێن. دوای هێور کردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ لەم دوایانە، چاومان بە زۆرک ژن کەوت کەدووگیان بوون و  سکەکەیان نەخواستراو بوو، پێیان وتین کەوا دەرمان و ئامرازەکانی ڕێگەگرتنیان نەمابوو". 


ترسی ناسەقامگیری:
سەڕەڕای کۆڤید-19، بۆمبارانکردنی ئەم دوایانەی فڕۆکە جەنگیەکان بۆ ناوچەکە و هەڵمەتی سەربازی بەردەوام دژی پارتی کرێکارانی کوردستان و گروپەکانی پاڵ پارتەکە، فشاری زیاتری خستۆتە سەر دەروونی خەڵکی ناوچەکەی و خەڵکەکە ترسیان هەیە ناوچەکە دووبارە ببێتەوە مەیدانی جەنگ.
عاید وتی "لە ڕۆژی هێرشەکەی سەر چیای شنگال من لە سنونی بووم. یەکەم موشک زۆر ترساندمی؛ نەمزانی چ ڕودەدات. یەکەم بیر کە هاتە مێشکم ئەوەبوو کە گروپی دەوڵەتی ئیسلامی دووبارە هاتونەتە شنگاڵ. دوای ئەنجامدانی چەند پەیوەندیێکی تەلەفۆنی بۆم دەرکەوت کە بۆمبارانکردنی فڕۆکەکانی تورکیایە بۆ سەر گروپەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان. ئەو خانوەی کە لێی دەمێنمەوە زۆر نزیکە لە یەکێ لە بنکەکانیان. لەترسی ئەوەی بنکەکە بکرێتە ئامانج ماڵەکەم جێهێشت. بەنێو سنونیدا ڕۆیشتم وگوێم لە هاوار وناڵەی ئافرەت و منداڵ دەبوو. خەڵک منداڵی بەباوەشەوە و دەیەوێت دووربکەوێتەوە لە بنکەکان کە زۆر بەربڵاون. ئێستا خەڵک سەردانی ناوچە شاخاویەکان ناکەن لەترسی ئەوەی بکرێنە ئامانجی فڕۆکەکان. خەڵک هیوایێکی کەمی بە داهاتوو هەبوو، ئێستا ئەو هیوایە کەمەش نەما. خەڵک لە دووبارە بونەوەی هێرشەکان دەترسن. هەرکەسێک پلانی هەبوو پڕۆژەیێکی بچوک بکاتەوە، کشتوکاڵ بکات، یان ماڵەکەی بونیاد بنێتەوە ئێستا دوودڵە و نایکات. ئێستا خەڵک نیگەرانن وفشاری زۆریان لەسەرە."
لەگەڵ بەردەوام بوونی کۆڤید-19 لە بڵاوکردنەوەی پەشێوی لە وڵات، خەڵکانێکی زۆر ئەو هیوایە کەمەشی هەیانبوو لەدەستدا. عاید بەردەوام دەبێت و دەڵێت "یەزیدیەکان هێشتا ئەوەیان لەبیر نەکردوە کە لە 2014 بەسەریاندا هات. پاشماوەکانی ئەو کۆمەڵکوژیە هێشتا زاڵە بەسەر ناوچەکە لەکاتێکدا کە گۆڕی بەکۆمەڵ هێشتا دەدۆزرێتەوە لە ناوچەکە. بێ هیوایی لە ڕووخساری خەڵک دەبینم وەک ئەوەی هیچ هێزێکیان تێدا نەما بێت. هەندێک تەنانەت پارەی کڕینی خواردنیشیان نیە. زۆر جار ڕوویداوە - کارمەندانی نەخۆشخانە - پارە کۆدەکەینەوە لەنێو خۆماندا بۆ هەندێک نەخۆش. هیچ شتێک لە شنگال نیە، تەنانەت ئاوی خواردنەوەش هەندێک جار شیاو نیە بۆ خواردنەوە. کەسانێک هیچیان نەبوو، دەتەوێت هەستیان چۆن بێت؟"


پزیشکانی بێ سنوور لە سنونی
ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پزیشکانی بێ سنوور لە ئابی 2018 دەستیکرد بە پاڵپشتی کردنی نەخۆشخانەی گشتی سنونی و پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری فریاگوزاری و منداڵبوون. دواتر خێرا بۆی دەرکەوت کەوا چاودێری تەندروستی دەروونی پێویستیێکی گەورەی پڕنەکراوەیە لە ناوچەکە. لەو کاتەوە، تیمەکەمان ئاستی چالاکیەکانی چاودێری تەندروستی دەروونی بەرزکردوەتەوە لە نەخۆشخانەی سنونی تاوەکو چالاکی تەندروستی دەروونی تایبەتمەند و تەندروستی کۆمەڵگا لە خۆ بگرێت لەگەڵ هۆشیاری تەندروستی و دانیشتنی بەکۆمەڵ و تەندروستی دەروونی بۆ ئاوارەکانی سەر چیای شنگال.
بە خزمەتکردنی زیاتر لە 90،000 کەس، پڕۆژەی پزیشکانی بێ سنوور لە سنونی خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەش بە هەموو کۆمەڵانی ناوچەکە دەکات. لە 2019، پزیشکانی بێ سنوور 14،581 نەخۆشی چارەسەرکرد لە بەشی فریاگوزاری نەخۆشخانەی گشتی سنونی. تیمەکە هەروەها 755 منداڵبوونی ئەنجامدا و  8،702 ڕاوێژی تەندروستی وەچەخستنەوەی پێشکەش کرد لەگەڵ 1،434 ڕاوێژی تەندروستی دەروونی.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×