كازمی: دژەتیرۆری عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نێوبانگێكی باشی هەیە
  2020-08-29       315       
مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند، هێزەكانی دژە تیرۆر بەهۆی ئەو سەركەوتنانەی كە دژبە تیرۆریستانی داعش تۆماریانكردووە و لەگەڵ ئەو مامەڵە مرۆییانەی كە بەرامبەر دانیشتوانی ناوچە كۆنترۆڵكراوەكان ئەنجامیان داوە، جێگەی متمانەی عێراقییەكانن.

ئاوێنه‌: بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ شەممە سەردانی بارەگای دەزگای دژەتیرۆری كردووە و لە لایەن سەرۆكی دەزگاكە، عەبدولوەهاب ساعدی، فەریق یەكەمی روكنەوە پێشوازی لێكراوە.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە كە مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە میانی سەردانەكەی بۆ بارەگای دەزگای دژەتیرۆر، ناوەندێكی تایبەتی بۆ پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)، كردەوە دواتر لەگەڵ فەرماندەكانی دەزگای دژەتیرۆر كۆبووەتەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆبوونەوەكەدا، مستەفا كازمی لە كار و پلانەكانی دەزگای دژەتیرۆر ئاگاداركراوەتەوە و لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، هێزەكانی دژە تیرۆر بەهۆی ئەو سەركەوتنانەی كە دژبە تیرۆریستانی داعش تۆماریانكردووە و لەگەڵ ئەو مامەڵە مرۆییانەی كە بەرامبەر دانیشتوانی ناوچە كۆنترۆڵكراوەكان ئەنجامیان داوە، جێگەی متمانەی عێراقییەكانن.

باس لەوەشكراوە كە هەر لە میانی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، مستەفا كازمی وتوویەتی، “دەزگای دژەتیرۆر عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نێوبانگێكی باشی هەیە و دەبێت كار بۆ پارێزگاریكردن و پتەوتركردنی ئەو نێوبانگە بكرێت”.

لە راگەیەندراوەكە ئەوەیش خراوەتەڕوو كە لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، مستەفا كازمی باسی لەو تەحەدیانە كردووە كە لەم قۆناغەی ئێستادا رووبەڕووی عێراق بووەتەوە و لەوەبارەوە وتی، “هەوڵی زیاتر دەدەین بۆ تێپەڕاندنی تەحەدییەكانی ئێستا كە رووبەڕوومان بووەتەوە و كاریش دەكەین لە پێناو راستكردنەوەی هەڵەكان و بەرەوپێشبردنی وڵاتەكەمان”.

بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆبوونەوەكەدا، مستەفا كازمی داوای لە فەرماندە و كارمەندانی دەزگای دژەتیرۆر كردووە كە لە پێناو عێراقدا كار بكەن و ئاماژەی بەوەیشداوە كە زۆرێك لە هاووڵاتییان لە پرسە نا ئەمنییەكانیش پەنا بۆ دەزگای دژەتیرۆر دەبەن كە ئەمەیش بەڵگەی ئەوەیە كە دەزگای دژەتیرۆر، جێگەی متمانەی هاووڵاتییانە و دەبێت ئەو متمانەیش زیاتر پەرەی پێ بدرێت و وتی، “ئەمڕۆ هەمووان پشتیان بە هێزە ئەمنییە پاڵەوانەكان بەستووە لە بەرپەرچدانەوەی هەموو ئەو كەسانەی كە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری كۆمەڵگە و تاكی عێراقی دەدەن”.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×