فراكسیۆنی سادقون: به‌ سێ رێوشوێن وه‌ڵامی هێرشه‌كانی توركیا بدرێته‌وه‌
  2020-08-29       579       
فراكسیۆنی سادقون له‌ په‌رله‌مانی عیراق، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، جه‌ختیكرده‌وه‌، حكومه‌ت له‌ڕێگه‌ی گرتنه‌به‌ری سێ رێوشوێنه‌وه‌ ده‌توانێت وه‌ڵامی په‌لاماره‌كانی توركیا بداته‌وه‌.

ئاوێنە: فازیل فه‌تلاوی، ئه‌ندامی فراكسیۆنی سادقون، به‌ ئاژانسی هه‌واڵه‌كانی عیراقی راگه‌یاند: ده‌بێت حكومه‌ت سێ رێوشوێن بگرێته‌به‌ر بۆ وه‌ڵامدانه‌ی هێرش وپه‌لاماره‌كانی توركیا، یه‌كه‌میان: راگرتنی سه‌رجه‌م چالاكییه‌ بازرگانییه‌كانه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتی توركیادا، تۆماركردنی سكاڵا له‌دژی توركیا له‌ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، و كشانه‌وه‌ی باڵوێزی عیراق له‌توركیا، وتیشی: له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر عیراق، پێویسته‌ له‌لایه‌ن عیراقه‌وه‌ به‌ڕێكاری دیپلۆماسی و ئابووری وه‌ڵام بدرێته‌وه‌.

فه‌تلاوی وتیشی: دووباره‌بوونه‌وه‌ی په‌لاماره‌كانی توركیا بۆ سه‌ر خاكی عیراق پێشێلكارییه‌كی دیاره‌ و پێویسته‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان په‌رچه‌كرداری توندیان هه‌بێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، فراكسیۆنه‌كه‌ی چه‌ندین جار داوای ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی كردووه‌ بۆ تاوتوێكردنی ئه‌م هێرش وپه‌لامارانه‌.

پێشتریش، ئه‌حمه‌د مه‌لا ته‌ڵال، وته‌بێژ به‌ناوی حكومه‌تی عیراق، دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌ت هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر خاكی عیراق ره‌تده‌كاته‌وه‌.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×