دوو شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەكەن
  2020-08-30       547       

دوو شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدایان كردووەو بڕیارە شاندەكان چەند گفتوگۆو كۆبوونەوەیەك لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی بكەن.

ئاوێنه‌: سەمیر هەورامی وتەبێژی نووسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە وەزارەتی پێشمەرگەوە لیژنەیەكی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ تاوتوێكردنی دوو فایل گەیشتووەتە بەغدا .

سەمیر هەورامی راشیگەیاند، شاندێكی تری هەرێمی كوردستانیش لەبەغدان، كە ئەو شاندەش گفتوگۆ لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەبودجەی گشتی عێراق دەكەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار له‌ دانووستانه‌كانی به‌غداو هه‌رێم رایگەیاند، ئەو شاندە تەکنیکییەی هەرێم کە لە ئێستادا لە بەغدان بۆ بابەتی رێککەوتن نەچوون، بەڵکو بۆ پرسی بودجەی 2021 ی عیراق رۆشتوون و بەند و بڕگەکانی لەگەڵ شاندی حکومەت ناوەندیدا تاوتوێ دەکه‌ن.

بەگوێرەی زانیارییەکان تا  ئێستاش، لیژنەکانی ئامادەکردنی بودجەی گشتی لە پەرلەمان و حکومەتی عیراق، هەر بڕی سەدا 12.67یان بۆ هەرێم داناوە و گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە.

وابڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی 10ی ئه‌مساڵدا، پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی بچێتە ناو پەرلەمانی عیراق و دەنگی لەسەر بدرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×