سەرۆکی فەرەنسا سه‌ردانی ‌ عێراق ده‌كات
  2020-08-31       798       

ئاژانسی فرانس پرێس رایگه‌یاند، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی چوارشەممە بۆ یەکەمجار سەردانی بەغدا دەکات، وتیشی،  ئامانج له‌ سەردانه‌كه‌ی ماکرۆن بۆ بەغدا ئەوەیە پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ عێراق دووپاتبکاتەوە.

ئاوێنه‌: بەپێی سەرچاوەکانی ئاژانسی فرانس پرێس، ماکرۆن لە بەغدا لەگەڵ سەرۆک وەزیران، سەرۆک کۆمار و ژمارەیەکی زۆری بەرپرسانی سیاسیی عێراق کۆدەبێتەوە.

هەرچەندە دوو بەرپرسی دیکەی عێراق سەردانەکەیان پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام هێشتا کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئێلیزێ)، هیچی لەمبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

ئامانجی سەردانەکەی ئیمانوێل ماکرۆن بەپێی سەرچاوە عێراقییەکان "فۆکەس خستنەسەر بابەتی سەروەریی عێراقە"، بۆ ئەوەی بەغدا رێڕەوێکی سەربەخۆ بۆخۆی دیاری بکات، دوور لە واشنتن و تاران، کە هەردووکیان "دووژمنی یەکتر" و گەورە هاوپەیمانی عێراقن.

پەیامی ماکرۆن، هەمان پەیامی گەورە دیپلۆماتکاری فەرەنسی جان ئیڤ لودریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەبێت، کاتێک مانگی تەمموز لە سەردانێکدا لە بەغدا وتی "دەبێت بەغدا خۆی لەئاڵۆزییە هەرێمییەکان بەدوور بگرێت".

ژمارەیەکی زۆر قەیران ئەمساڵ رەوشی عێراقیان شڵەژاندووە، یەکەمیشیان لە سەرەتای ئەمساڵ 3-1-2020 بوو، کاتێک فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، فەرماندەی حەشدی شەعبی لە بەغدا کردە ئامانج.

هەروەها بەردەوام ئەو بنکانەی هێزەکانی هاوپەیمانان و بەتایبەتی ئەوانەی هێزەکانی ئەمەریکایان لێیە لە عێراق، مووشەکیان ئاراستە دەکرێت و گرووپە چەکدارە شیعەکانی سەر بە ئێران، بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار دەکرێن.

جگە لەوانە، دابەزینی نرخی نەوت خراپترین کاریگەریی لەسەر عێراقی دووەم بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێک هەبووە. ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەتا جیهانییەش، گورزێکی دیکەیان لە ئابوورییە ناسەقامگیرەکەی عێراق داوە.

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×