وەزیری نەوتی عێراق: هەرێم بەردەوامە لە هەناردەكردنی نەوت بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا
  2020-09-02       619       

وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند، هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە هەناردەكردنی نەوت بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی عێراق. دەشڵێت: داوایان لە وڵاتانی ئۆپیك كردوە لە رێككەوتنی كەمكردنەوەی هەناردەی نەوتدا لە بەغدا خۆشبن.

ئاوێنە: ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق، لە لێدوانێكدا بە رۆژنامەی "سەباح"ی عێراقی راگەیاند: وەزارەتەكەیان دەستیكردوە بە وەگرتنی ئۆفەری بازرگانی و تەنكنیكی تایبەت بە دروستكردنی هێڵی بۆری هەناردەنی نەوتی خاوی بەسرە بۆ بەندەری عەقەبە لە ئوردن بە توانای یەك ملیۆن بەرمیل.

پێشبینیشی كردوە لە چارەكی یەكەمی ساڵی داهاتودا بدرێتە لایەنێك بۆ دەستكردن بە جێبەجێكردنی.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە هێڵەكە دێژییەكەی یەك هەزارو 700 كلیۆمەتر دەبێت و ئەو بەشەی دەكەوێتە نێو عێراق لەسەر خەرجی وەزارەتەكەیان دەبێت و ئەوەشی دەكەوێتە نێو ئوردن بەشێوازی وەبەرهێنان دەبێت.

جەختیشی كردۆتەوە كە سەركەوتنی پڕۆژەكە، نۆژەنكردنەوەی هێڵی بۆری عێراق بۆ بەندەری جەیهانی توركی، خێرا دەكات.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەداوە كە هەوڵ هەن بۆ لێخۆشبون لە عێراق لە رێككەوتنی رێكخراوی ئۆپیك تایبەت بە كەمكردنەوەی هەناردەی نەوت و لەوبارەیەشەوە قسە لەگەڵ سەرجەم وەزیرانی رێكخراوەكە كراوە لە سێ كۆبونەوەی دوابەدوای یەكی ئۆپیكدا تا لە عێراق خۆشبن بۆ چارەكی یەكەمی 2021 بەڵام وەزارەتەكەیان بۆ سێ مانگی داهاتو پابەنددەبێت بە رێككەوتنی كەمكردنەوەی نەوت.

هەروەها لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وەزیری نەوتی عێراق وتویەتی: هێشتا هەرێمی كوردستان بەردەوامە لەسەر هەناردەكردنی نەوت بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی فیدراڵ.

بەگوێرەی دواین رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و عێراق، دەبێ هەردولا کار بۆ یەکخستنی سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوت بکەن و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی 2021 بەپێی دەستور، ژمارەی دانیشتوان، داهاتی نەوت و نانەوتی دەبێ.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×