قەشە یوسف، پەرییەک لەکوردستان
  2020-09-03       3908       
بنەماڵەی پەری کاتی دامەزراندنی قەشە یوسف پەری وەک قەشەی سلێمانی لەڕاڕەوی کەنیسەی کلدان لەسلێمانی سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردو

ئا: ئاوێنە



بنەماڵەی پەری یەکێکە لەبنەماڵە مەسیحییە دیارەکانی کوردستان، کە هەوڵیانداوە کارو چالاکییان تەنها لەچوارچێوەی کلدانی‌و مەسیحی بوندا قەتیس نەمێنێت، بەڵکو لەبازنەیەکی فراوانتردا بیریان کردوەتەوەو چالاک بون‌.



لە ١٠٠ ساڵی رابردودا، چەندین کەسایەتی‌و بنەماڵەی دیاری مەسیحی لەناو شاری سلێمانیدا هەڵکەوتون کە رۆڵ‌و کاریگەرییان سنوری ئایین‌و تائیفەکەیانی تێپەڕاندوەو تێکەڵ بەخەمی گشتی کۆمەڵگە بون‌و پێگەیەکی کۆمەڵایەتی دیارییان لەئاستی کوردستاندا هەبوە، دیارترینیان "کەریمی عەلەکە"و "قەشە یوسف پەری"یە.


ڕەگ‌و ڕیشەی ئەم دو کەسایەتییەو بنەماڵەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ کۆیە، کە لەدو قۆناغی جیاوازدا لەو شارۆچکەیەوە هاتون‌و لەسلێمانی نیشتەجێ بون.


ئالان پەری، کە شاعیرو وەرگێڕەو ئێستا لەوڵاتی دانیمارک دەژی، سەبارەت بەهۆکاری هاتنی بنەماڵەی پەری بۆ سلێمانی بەئاوێنەی وت "کاتێک لەشەستەکانی سەدەی رابردودا، قەشە یوسف پەری وەک قەشەی کەنیسەی کلدان لەسلێمانی دیاری دەکرێت، باوک‌و دایکی‌و دوو خوشک‌و برایەکەی دێنە سلێمانی، چونکە بەپێی ئایینزای کلدانیی قەشە نابێت ژن بهێنێت، بۆیە زۆربەی ئەندامی خێزانەکەی لەگەڵی دێنە سلێمانی‌و لەتەنیشت ماڵی کەنیسەی مەریم لەگەڕەکی گاوران لەسەر میلاکی کەنیسە خانو بەکرێ دەگرن‌و نیشتەجێ دەبن".


ئالان دەربارەی ناوی بنەماڵەکەیان کە بە"پەری" ناودەبرێن، ئاماژە بەوە دەکات کە پەری، ناوی داپیرەی قەشە یوسف پەری بوە، واتە دایکی باوکی قەشە یوسف، کە ژنێکی لەڕادەبەدەر جوان‌و قەشەنگ بووە، بەڵام کوێر بوە، بەو کوێرییەوە توانوییەتی خۆی‌و منداڵەکانی بەدروستکردنی شەراب بەخێو بکات، ئەو ناوە وەک هێمایەک بۆ جوانی ئەو ژنەو سەرەڕای کوێرییەکەشی توانوییەتی ڕۆڵەکانی بەباشترین شێوە بەخێو بکات بەسەر بنەماڵەکەیاندا دابڕاوە، ئەو وتی "ئێمە شانازی بەم ناوەوە دەکەین، لەبەرئەوەی سیمبولی بوێری‌و جوانی‌و سور بونە لەسەر بەردەوامی‌و کۆڵنەدان‌و سڵ نەکردنەوە لەئاست تەنگەژەو ئاستەنگییەکانی ژیان".


وتیشی "هەرە دیارترین کەسایەتی بنەماڵەی پەری، قەشە یوسف پەرییە، کە ساڵی ١٩٣٧ لەگوندی هەرمۆتە لەدایکبوەو دواتر ڕۆڵێکی زۆر  گەورەی بینییوە هەم بۆ مەسیحییەکانی شاری سلێمانی‌و هەم بۆ خزمەتی کوردایەتی کە ئەوکات شتێکی نامۆ بووە قەشەیەکی ئایینی یان مەسیحی تێکەڵی سیاسەت‌و کوردایەتی ببێت، کە لەسەرەتای دامەزاردندنی وەک قەشەی سلێمانی پەیوەندی دەکات بەپارتی دیموکراتی کوردستان‌و دەبێتە ئەندام ناوچەی پارتی لەسلێمانی‌و ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانیش".


بەپێی گێڕانەوەی ئالان پەری، قەشە یوسف کەسایەتییەکی پڕ کاریزماو قسەزان بوەو چەندین زمانی وەک لاتینی‌و ئیتاڵی‌و کوردی‌و عەرەبی‌و فەرەنسی‌و سریانی زانیوە، ئەو وتی "قەشە یوسف پەری هەر لەسەردەمی باوک‌و باپیرانییەوە بەپرسی کورد ئاشنا بوەو هەمیشە لەخەمی هاونیشتیمانی خۆیدا بوە بۆ بەدەستهێنانی مافی ئازادی‌و مانەوەی وەک هاوڵاتییەکی ئەو دەڤەرە، هەمیشە وتویەتی ڕاستە ئێمە مەسیحین، بەڵام هاونیشتمانیی کوردستانین‌و نابێت وەک کەمایەتی سەیری خۆمان بکەین، هیچمان لەهاونیشتیمانیانی تر کەمتر نییەو دەبێت ئێمەش ڕۆڵ‌و بەرپرسارێتیمان هەبێت".


وتیشی "ئەو ڕۆڵی هەبووە لەخەباتی کوردایەتی‌و چەندین گەنج‌و لاوی شارەکەی ڕزگار کردوە لەچنگی بەعسی ئەو کاتە. تا کار دەگاتە ئەوەی ئەمن ڕاپێجی بەغدای دەکەن‌و ئەشکەنجەی دەدەن‌و حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت، بەڵام قەشەو مەترانەکانی کلدانی دێنە سەرخەت‌و وەک ڕۆڵەیەکی مەسیحی ڕزگاری دەکەن".

دوای ئازاد کردنی لەحەفتاکانی سەدەی رابردودا، قەشە یوسف کۆچ دەکات بۆ فەرەنساو لەوێش وەک دیبلۆماتکارێکی کورد درێژە بەخەباتی خۆی دەدات‌و پەیوەندی هێزە کوردییەکان لەگەڵ کاربەدەستانی فەرەنسی‌ رێکدەخات، لەدوای ڕاپەڕینیش وەک نوێنەری حکومەتی هەرێم لەڤاتیکان دەست بەکار دەبێت.


قەشە یوسف پەری کە ڕۆژی 6/12/2003 لەتەمەنی ٦٦ ساڵیدا لەپاریس بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی دەکات، لەوەسیەتەکەیدا داوای کرد بو پاش مردنی تەرمەکەی بەئاڵای کوردستان داپۆشرێت‌و ببرێتەوە بۆ سلێمانی‌ بەخاک بسپێردرێت، ئالان وتی "قەشە یوسفی مامم شاری سلیمانی زۆر خۆشدەویست، زۆربەی شاریش دەیاناسی‌و بەهۆی خزمەت کردنیشەوە لەکەنیسەی سلێمانی، هەر لەناو کەنیسەکەدا لەسەر وەسییەتی خۆی نێژراوە".


لەبنەماڵەی پەری-دا، لەدوای قەشە یوسف، چەندین کەسی دیاری دیکەش هەن، لەوانە مامۆستا ئیسحاق پەری کە رۆڵێکی دیاری هەبوە لەبایەخدان بەپەروردەو فێرکردن‌و لەقوتابخانەی مەحوی سەرەتایی، دو کوڕەکەشی کامەران پەری‌ ڕۆژنامەنوسەو ئالان پەریش شاعیرو وەرگێڕە.


هەروەها دڵسۆز پەری کە کوڕی حەننا پەری برای قەشە یوسف پەری-یە لەهەولێرو لەشارۆچکەی عەینکاوە مامۆستای زمانی کوردییەو ئەویش ڕۆڵێکی دیاری هەیە لەفێرکردن‌و ئاشنا کردنی خەڵکی ئەو شارۆچکەیە بەزمان‌و ئەدەبی کوردی.


ئاڵان پەری وتی "بەشێک لەبنەماڵەی پەری تا ئێستاش لەکوردستان ماون‌و لەسلێمانی‌و هەولێر نیشتەجێن، ماڵی مامۆستا ئیسحاق پەری زۆربەیان لەسلێمانین بێجگە لەدو کوڕیان ئالان‌و کامەران کە لەدانیمارک‌وسوید دەژین. ماڵی حەنناش لەهەولێرن. ماڵی خوشکی قەشە یوسف بەناوی فەهیمە پەری لەسلێمانی نیشتەجێن، ئێستا زۆربەی بنەماڵەی پەری لەدەرەوەی وڵات لەسویدو دانیمارک‌و فەرەنساو ئەمریکا دەژین".


ئەوەی جێی سەرنجە زۆربەی ئەوانەشی کە لەبنەماڵەی پەری کوردستانیان بەجێهێشتوە هێشتا پەیوەندییان بەزمان‌‌و ئەدەبی کوردییەوە ماوە، ئالان پەری کە خۆی یەکێکە لەوانەو بەزمانی کوردی شیعر دەنوسێ‌و کاری وەرگێرانی دەقە ئەدەبیەکانیش دەکات بۆ سەر زمانی کورد، لەمبارەوە وتی "بەهۆی پەیوەست بونمانەوەیە بەزمان‌و کەلتورو خۆشەویستی بۆ خاکی کوردستان، کە هیچ کاتیک هەرگیز هەستمان بەوە نەکردوە جیاواز بین، هەمیشە وەک ڕۆڵەو هاوڵاتییەکی کارا خۆمان ناساندوە".


وتیشی "خۆشەویستیمان بۆ زمان‌و ئەدەبی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ قەشە یوسف کە لەم بوارەدا ڕچەشکێن بوەو هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ کەریم زەند هەستان بەوەرگێڕانی ئینجیلی پیرۆز بۆ سەر زمانی کوردی، بە حوکمی ئەوەی قەشە یوسف پەری وەک لاهوتێک‌و فەیلەسوفێکیش ناسراوە کە چەندین دەستنوسی بڵاونەکراوەی هەیە لەبواری ئایینزانی‌و فەلسەفەو سیاسەت‌و کاری دیبلۆماسی، ئێمەش درێژەپێدەری ئەو ڕۆڵ‌و خەباتەین".

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×