کازمی فەرماندەیەکی نوێی بۆ پاراستی باشووری عێراق پێکهێنا
  2020-09-06       401       
سەرچاوەیەكی سەربازیی لە عێراق رایگەیاند كە لەسەر فەرمانی سەرۆكوەزیران، مستەفا كازمی فەرماندەییەكی نوێی ئۆپەراسیۆنەكان سەربە وەزارەتی بەرگریی پێكهێنراوە بۆ ئەوەی سەرپەرشتی دۆسیەی ئەمنی لە ژمارەیەك پارێزگای باشووری وڵات بكات كە پێشتر لەژێر دەسەڵات و سەرپەرشتی هێزەكانی پۆلیسدا بوون.

ئاوێنه‌: لەمبارەیەوە ملازم نوعمان سەیداوی، ئەفسەر لە سوپای عێراق وتی، “لیوا روكن عیماد سومەیدەع بە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكان بۆ سەرپەرشتیكردنی دۆسیەی ئەمنی لە پارێزگاكانی موسەننا، میسان و زیقار باشووری عێراق راسپێردراوە”.

ملازم نوعمان سەیداوی ئاماژەی بەوەیش دا كە بارەگای ئەو فەرماندەییە نوێیە لە بنكەی ئاسمانیی ئیمام عەلی دەبێت لە پارێزگای زیقار.

پێشتر عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق دەسەڵاتەكانی سوپای لە پارێزگاكانی باشوور كەم كردبوویەوە دوای ئەوەی بەرپرسیاریەتی بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی لە پارێزگاكانی باشوور رادەستی هێزەكانی پۆلیسی كرد.

ئەم رێوشوێنانەیش لە كاتێكدایە کە هێزەكانی سوپا و دژەتیرۆر، ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانیان لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بە ئامانجی دەستگیركردنی كەسانی دەرچوو لە یاسا و دەستبەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆڵەت ئەنجام دەدەن.

لە كۆتایی مانگی ئابی رابردوودا، خالید مەحننا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندبوو كە فەرمان لەلایەن سەرۆكوەزیران، مستەفا كازمی-یەوە دەركراوە لەوەی سوپا و پۆلیس رێوشوێنی فراوان بگرنەبەر بە ئامانجی سەپاندنی ئاسایش و دەستبەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆڵەت كە بۆ ترساندنی هاووڵاتییان بەكار دەهێندرێت.

پێشتر مستەفا كازمی رایگەیاندبوو كە گرەو لەسەر هێزە ئەمنییەكان دەکات بە جۆرێك كار بۆ پتەوتركردنی ئاسایش بکەن و متمانەی هاووڵاتییان بە دەوڵەت پتەوتر بكەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×