پەرلەمانی ئەوروپا تاوتوێی سەپاندنی سزا بەسەر توركیادا دەكا
  2020-09-06       554       

ئەندامێكی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا ئاشكرایكرد، لە چەند رۆژی داهاتودا كۆدەبنەوە بە داواكردنی سەپاندنی سزا بەسەر توركیادا بەهۆی چالاكییەكانی ئەو وڵاتە لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست. لەگەڵ ئەوەش دەڵێت: هێشتا هەڵوێستێكی یەكگرتو لەنێو یەكێتی ئەوروپا لەوبارەیەوە بونی نییە. ئەوەش بە زیانی یەكێتییەكە ناودەبات.

ئاوێنە: كۆستاس مافریدس، ئەندامی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "سكای نیوز"ی عەرەبی رایگەیاند: لە چەند رۆژی نزیكی داهاتودا پەرلەمانی ئەوروپا تاوتوێی دۆخی ناوچەكە دەكا بە ئامانجی گەیشتن بە بڕیارێك سەبارەت بە "دەستدرێژییەكان"ی توركیا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.

بەبڕوای ئەو پەرلەمانتارە بڕیارە چاوەڕوانكراوەكەی پەرلەمانی ئەوروپا ئیدانەی "دەستدرێژییەكان"ی توركیا دەكات و داوای سەپاندنی سزای ئابوریش بەسەر توركیادا دەكات.

كۆستاس وتوشیەتی"بەداخەوە هێشتا هەڵوێستێكی یەكگرتو لە ئەوروپا لەوبارەیەوە بونی نییە، ئەوەش هەوڵێكی زۆری دەوێت تا بتوانین بگەینە بڕیارێكی یەكگرتو دژبە توركیا. بەڵام ئەگەر نەگەینە بڕیارێكی وا دژی ئەردۆغان، ئەوا گەورەترین دۆڕاو یەكێتی ئەوروپا دەبێت نەك تەنیا وڵاتانی ئەندامی یەكێتییەكە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "ئەمە پرسێكی ئەوروپییەو دەبێت چارەسەرێكی بۆ بدۆزینەوە. دەبێت یەكێتی ئەوروپا بڕیار لە رۆڵی جیۆسیاسی خۆی لە دەریای ناوەڕاستدا بدات."

سەبارەت بەو سزایانەی بۆ تاوتوێكردن لە بەردەستدان، ئەو پەرلەمانتارەی ئەوروپا وتویەتی"دو بژاردەی سزادان هەیە: یەكەم دەتوانین هەندێك گوشار لەسەر بازرگانی توركیا بسەپێنێت، دوەم سەپاندنی چەند رێوشوێنێكی توندە دژبە بانكە توركییەكان."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×