وەزیری دەرەوەی فەرەنسا: ئەردۆغان دەزانێت دەستەوەستان نین.. وەڵامی ئەوروپا ئامادەیە
  2020-09-06       1143       

جان ئێڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، دانیشتنی ئەنجومەنی ئەوروپا كە بڕیارە لە كۆتاییەكانی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت بەپلەی یەكەم تەرخان دەكرێت بۆ پرسی توركیاو گرژییەكانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەتایبەت بۆ تاوتوێكردنی سەپاندنی سزا بەسەر ئەنقەرەدا.

ئاوێنە: جان ئێڤ لودریان، لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی رادیۆی "فرانس ئینتەر"دا رایگەیاند: لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئەوروپادا لە كۆتاییەكانی ئەم مانگە، دۆسیەی توركیا تاوتوێ دەكرێت.

ئەوەشی خستەڕو: بۆ ماوەی چەند رۆژێك ئەو دۆسیەی توركیامان لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە بەرلین ئامادەكرد بۆ دیاریكردنی ئەو ئامڕازانەی كە دەكرێت بەكاریان بهێنین بۆ وەڵامدانەوەی توركیا.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا وتیشی"بە توركیا دەڵێین.. دەبێت لەئێستاوە تاوەكو كاتی دانیشتنەكەی ئەنجومەنی ئەوروپا، سەرەتا توانای خۆی بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست نیشان بدات." ئاماژەی بەوەشدا "گفتوگۆكردن لەسەر ئەو پرسە پەیوەندی بە توركەكانەوە هەیەو ئەوەش كارێكی لواوەو دوای ئەوە دەچینە قۆناغێكی كارا سەبارەت بە سەرجەم كێشەكان."

لۆدریان ئامادەنەبو باس لە سروشتی ئەو سزایانە بكات كە ئەگەری هەیە ئەوروپا بەسەر توركیادا بیانسەپێنێت، جەختی كردەوە كە "زنجیرەیەكی تەواو رێكار هەن دەكرێت بگیرێنەبەر..بەهیچ شێوەیەك دەستەوەستان نین و ئەو (ئەردۆغان) زۆر بەباشی ئەمە دەزانێت."

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە ئاماژەدان بە كۆمەڵێك سزای ئابوری، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیای تۆمەتباركرد بەوەی كە "كەشێكی ئیسلامی-نەتەوەیی" دروست كردوە بە ئامانجی شاردنەوەی راستیی دۆخی ئابوری لە توركیا.

بڕیارە رۆژانی 24 و 25ی ئەم مانگە ئەنجومەنی ئەوروپا، بە بەشداری چەند سەرۆكێك و چەندین گەورە بەرپرسی حكومەتەكانی یەكێتی ئەوروپا كۆببێتەوە.

پەیوەندییەكانی چەند وڵاتێكی یەكێتی ئەوروپاو لەپێشی هەمویانەوە فەرەنسا، گرژییەكی زۆریان بەخۆیانەوە بینیوە بەتایبەت سەبارەت بە پرسی لیبیا، كۆچ، ئاسایش و یەدەگی غاز لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و پاریس، ئەنقەرە تۆمەتبار دەكات بە پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی فراوانخوازی.

دوای ئەوەی توركیا رۆژی 10ی مانگی رابردو، كەشتییەكی بۆ گەڕان و پشكنین بەدوای وزەدا رەوانەی ئەو ئاوانەی دەریای ناوەڕاست كرد كە یۆنان بە سنوریی ئاوی خۆی دەزانێت، گرژییەكان چونە نێو قۆناغێكی دیكە.

لەكۆتاییەكانی مانگی رابردو فەرەنسا هێزی سەربازیی خۆی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست تۆكمەكرد ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ پشتیوانیكردنی یۆنان-ی شەریكی لە یەكێتی ئەوروپادا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×