بۆمبێکی چێندراو بەرووی کاروانێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تەقییەوە
  2020-09-08       375       

شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، بۆمبێکی چێنراو کاروانێکی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعشی لە باکووری بەغدا کردووەتە ئامانج.

ئاوێنه‌: لەراگەیەندراوێکدا شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، بۆمبێکی چێنراو بە کاروانێکی ئۆتۆمبێلەکانی کۆمپانیایەکدا تەقیوەتەوە کە گرێبەستی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە بەمەبەستی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی.

هاوکات ئەوە روونکراوەتەوە کە تەقینەوەکە لەسەرەتای رێگەی جێرای شوعلە باکووری بەغدا لەو کاتەدا روویداوە کە ئۆتۆمبێلەکان کەلوپەلی لۆجستیان لە سەربازگەی تاجی دەگواستەوە

ئەوەش هاتووە کە تەقینەوەکە زیانی بە جامی یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی کاروانەکە گەیاندووە.

لەوەتەی مانگی تەمووزی رابردووەوە تاوەکو ئێستا چەندینجار کاروانی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی و سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش بە رابەرایەتی ئەمریکا لە چەند پارێزگایەکی عێراق لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کراونەتە ئامانج.

ئەمریکا، گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران لەنێویاندا حزبوڵڵا بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار دەکات.

ئەمریکا، نزیکەی پێنج هەزاری وڵاتەکەی و نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ سەربازیی دیکەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق جێگیر کردووە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×