لە عێراق ژمارەی گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا هەشت هەزار كەسی تێپەڕاند
  2020-09-13       389       

وەزارەتی تەندروستی عێراق، رایگەیاند: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا سێ هەزارو 531 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون و سێ هەزارو 422 توشبوش چاكبونەتەوەو 73 توشبوی دیكەی ڤایرۆسەكەش گیانیان لەدەستداوەو بەوەش كۆی ئەوانەی بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە گەیشتۆتە زیاتر لە هەشت هەزار كەس.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 19 هەزار و 353 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان سێ هەزارو 531 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون.

بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا 73 توشبوی دیكەی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوەو سێ هەزارو 422 توشبوی دیكەش چاكبونەتەوە.

وەزارەتی تەندروستی عێراق هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە 290 هەزار و 309 كەس و لەوانە هەشت هەزارو 14 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو 224 هەزارو 705 كەسیان چاكبونەتەوەو 57 هەزارو 590 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 546 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.

 

 

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×