كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق داوای بودجە دەکات بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت
  2020-09-14       450       
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق رایگەیاند كە پاڵپشتی لە راسپاردەكانی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە دەكات و جەختیش دەكاتەوە كە بە جێبەجێكردنی پێنج مەرج دەتوانێت پڕۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، بەڕێوەببات.

ئاوێنە: كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق لە راگەیەندراوێكدا خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە بە راگەیەندراوەكەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە كە دوێنێ‌ یەكشەممە دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ جێنین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق بڵاوكرابوویەوە.

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق رایگەیاندووە كە لێدوانەكانی عەلی سیستانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی پێشوەختە كە بڕیارە لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوودا ئەنجامبدرێت، بەڵگەیەكی روونە لەسەر ئەوەی كە مەرجەعی باڵا گرنگییەکی زۆر بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دەدات، هەروەها هانی هاووڵاتییانیشی داوە كە بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا، بكەن.

لە راگەیەندراوەكەدا، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان پابەندبوونی خۆی بۆ كاركردن و جێبەجێكردنی ئەركە دەستوورییەكەی دووپات كردووەتەوە و رایگەیاندووە كە بەجێبەجێكردنی پێنج مەرج، ئامادەیە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بەڕێوەببات.

بەپێی راگەیەندراوەكە یەك لەو مەرجانە ئەوەیە كە دەبێت ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەزووترین كات یاسای هەڵبژاردنەكان پەسەند بكات و لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوبكرێتەوە چونكە ئەوە دەبێتە چوارچێوەیەكی یاسایی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

باس لەوەیش كراوە كە دووەم مەرج ئەوەیە، دەبێت ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگدان لەسەر یاسای دادگای فیدرالی تەواو بكات، چونكە دادگای فیدرالی تاكە لایەنە كە دەسەڵاتی یاسایی پێ دراوە لەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە پەسەند بكات.

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو مەرجێكی دیكە كە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق دایناوە ئەوەیە، دەبێت حكوومەت بوودجەیەكی تایبەت بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە تەرخان بكات، هەروەها پێدوایستەكانی كۆمیسیۆنیش لەوباریەوە دابین بكات بۆ ئەوەی بتواندرێت پڕۆسەی هەڵبژاردنەكە لە وادەی دیاری كراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

هەروەها مەرجێكی دیكەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ئەوەیە، دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران، بەڕێوەبەرانی گشتیی كە لەلایەن ئەنجوومەنی كۆمیسیۆنەوە دەست نیشانكراون، پەسەند بكات.

بەپێی راگەیەندراوەكە مەرجێكی دیكە ئەوەیە، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، رێكخراوەكانی دیكەی نێودەوڵەتیی دەكات كە یارمەتی و پاڵپشتی پێشكەش بكەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی ئازاد و پاك و بێگەر كە نوێنەرایەتی راستەقینەی ئیرادەی گەلی عێراق بكات.

دوێنێ‌ یەكشەممە عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، جێنین هێنیس پلاسخارت رایگەیاندبوو، هەڵبژاردنی پێشوەختە كە بڕیارە ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت زۆر گرنگە و دەبێت رێوشوێنی پێویست بۆ ئەنجامدانی بگیرێتەبەر، هەروەها هانی دەنگدەرانی دابوو كە بەشێوەیەكی بەرفراوان بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا، بكەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×