وەزیری ناوخۆی توركیا: 94 سەرۆك شارەوانی سەر بە هەدەپە لە پۆستەكانیان دوورخراونەتەوە
  2020-09-15       379       

وەزیری ناوخۆی توركیا ڕایگەیاند، لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا 94 سەرۆك شارەوانی سەر بە پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە پۆستەكانیان دوورخراونەتەوە.

ئاوێنه‌: سلێمانی سۆیلو، وەزیری ناوخۆی توركیا لە وتەیەكدا لە یەكێك لە بۆنەكاندا لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا 94 سەرۆك شارەوانی لە پۆستەكانیان دوورخراونەتەوە و لەبری ئەوان قەیوم لە شوێنیان دانراون.

سۆیلو ئەوەشی وت، "كۆی ئەو سزایانەی لەلایەن دادگاكانەوە لە پلەی یەكەمدا دەرهەق بە 63 سەرۆك شارەوانی لەوانەی لە ماوەی ساڵانی 2014 و 2019 دورخراونەتەوە دراوە گەیشتووەتە 628 ساڵ و 908 مانگ و 323 ڕۆژ".

لەكاتێكدا كۆی سزا كۆتاییە دووپاتكراوەكان دەرهەقیان نزیكەی 126 ساڵ و 230 مانگ و 62 ڕۆژە، وەك ئەوەی وەزیری ناوخۆی توركیا دەیڵێت.

یەک مانگ لە پاش کودەتاکەی 15ی تەموزی 2016 تورکیا لەچوارچێوەی قۆناغی باری نائاسایدا، (یاسای قەیوم) لە پەرلەمانی تورکیا بەدەنگی ئەکەپە و مەهەپە دەرچوێندرا.

دیارترین خاڵی یاساكە تایبەتە بە پرسی شارەوانەییەكان و تیایدا هاتووە، "هەمو ئەو سەرۆک شارەوانیانە لەکار دووردەخرێنەوە، کە پشتیوانی و پشتگیری لە ڕێکخستنە تیرۆریستیەکان دەکەن و قەیوم دەخرێتە جێگەیان".

قەیومەكان لەلایەن دەوڵەتەوە ڕادەسپێردرێن و حكومەتی ئەنقەرە لە دەرەوەی هەڵبژاردنەکان، بە دامەزراندن و لە جێگەی سەرۆك شارەوانییە هەڵبژێردراوەكان دایاندەنێت.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×