قوباد تاڵەبانی: گفتوگۆكانی نێوان بەغداو هەولێر بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی درێژخایەن بەردەوامن
  2020-09-16       400       

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوەوەو سەرۆكی حكومەت رایگەیاند: هیوادارن گفتوگۆكانی نێوان بەغداو هەولێر ئەنجامی كردەییان هەبێت و جێگری سەرۆك وەزیرانیش دەڵێت: گفتوگۆکان بەو ئاڕاستەیە بەردەوامن کە ڕێککەوتنێکی درێژخایەنی لێ بەرهەم بێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوەو تێیدا ڕێڕەوی بەڕێوەچودنی دانوستانەکان و بودجەی فیدراڵیی عێراق تاوتوێ كراوە.

لەكۆبونەوەكەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكومەت تیشکی خستە سەر سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی بۆ هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەدا کە ئەم سەردانە بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەبینین لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستور کە هیوادارین بە کردەیی گفتوگۆکان بگەنە ئەنجام و لە بەرژەوەندی هەردولادا بێت.

وتیشی: "کێشەکان تەنیا موچە و شایستەی دارایی ھەرێم لە بودجە نییە، بەڵکو جیا لە کێشەکانی پەیوەست بە بودجە و نەوت، ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و ماف و شایستە دەستورییەکانی دیکەی ھەرێم و پێشمەرگە، چەند تەوەرێکی دیکەی ناکۆکیەکانە لە گەڵ حکومەتی فیدڕاڵی".

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پوختەیەکی ئەنجامی دوا سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و رێرەوی بەڕێوەچونی دانوستانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی سەبارەت بە بودجە و وزە خستەڕو. ئاماژەشی بەوەدا کە گفتوگۆکان بەو ئاراستەیە بەردەوامن کە ڕێککەوتنێکی درێژخایەنی لێ بەرهەم بێت.

پاشان ھەر یەک لە وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری دانوستان و سەرۆکی دیوان و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، پوختەی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقی فیدرالی بۆ ساڵی 2020 خستەڕو، کە لە ڕۆژی 14 ی ئەیلولی 2020 لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند کرا و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران کرا. تیشکیان خستە سەر ئەو ماددە و بڕگانەی پڕۆژەکە کە پەیوەندییان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە.

لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی بنەماکانی ستراتیجی گشتی بودجەی فیدراڵیی عێراق کرا بۆ ساڵەکانی 2021 تا 2023 کە لیژنەیەکی باڵای بۆ پێکهێنراوە و هەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشدارە، لەم تەوەرەشدا وەزیری پلاندانان ڕونکردنەوەی پێویستی پێشکەش کرد وئەنجومەنی وەزیرانیش وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە ھەماھەنگی لەگەڵ ھەردو وەزارەتی دارایی و ئابوری و پلاندانان بکەن بۆ ئەو مەبەستە، تا ھەرێمی کوردستان بەشدارییەکی کاریگەری هەبێ لە داڕشتنی ستراتیجیەتی بودجەی فیدڕاڵی بە ئاراستەی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×