نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی كوردستان وەك فاكتەری سەقامگیری لە عێراق و ناوچەكە دەمێنێتەوە
  2020-09-16       410       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ كونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان، جه‌ختى له‌ خواستى هه‌رێم بۆ چاره‌سه‌ركردنى ته‌واوى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستورى عێراق كرده‌وه. راشیگەیاند: هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌ فاكته‌رێكى سه‌قامگيرى له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ و‌ په‌يوه‌ندييه‌كانیشى له‌گه‌ڵ ئێران و توركيا باشن.

ئاوێنە: بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێم، پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16/9/2020 له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ولێر،  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌ ئاماده‌بونى جێگرانى سه‌رۆك و به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان‌، له‌گه‌ڵ كونسول و نوێنه‌رانى وڵاتانى يه‌كێتیى ئه‌وروپا له‌ هه‌رێمى كوردستان كۆبوه‌وه‌.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا نێچيرڤان بارزانى باسێكى ده‌رباره‌ى دۆخى گشتيى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێرـبه‌غداو گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، ته‌حه‌دييه‌كانى به‌رده‌م هه‌رێمى كوردستان و عێراق بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا و لێكه‌وته‌كانى، ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى داعش، تێپه‌ڕاندنى دۆخى سه‌ختى ئابورى و دارايى و پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌ش كرد.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ وڵاتانى يه‌كێتيى ئه‌وروپا دوپات كرده‌وه‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعشدا به‌ سه‌رکردایه‌تیی ئه‌مه‌ریکا پشتگيرييان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كردوه‌و ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها يارمه‌تيى مرۆيييان پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌و په‌نابه‌ران له‌ كه‌مپه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كردوه‌، بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆناش، هاوكاريى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن.

نێچيرڤان بارزانى هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ وڵاتانى يه‌كێتيى ئه‌وروپا دوپات كرده‌وه‌ كه‌ له‌ پرۆسه‌ى چاكسازيدا هاوكارى ده‌كه‌ن و جه‌ختى له‌ به‌رده‌واميى پرۆسه‌كه‌ كرده‌وه‌‌و هاوكارى و يارمه‌تيى وڵاتانى يه‌كێتيى ئه‌وروپاى له‌مباره‌يه‌وه‌ به‌ پێويست و گرنگ زانى.

سەرۆكی هەرێم وێڕاى دوپاتكردنه‌وه‌ى پشتگيريى هه‌رێمى كوردستان له‌ حكومه‌تى سه‌رۆك وه‌زيران مسته‌فا كازمى، جه‌ختى له‌ خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى ته‌واوى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستورى عێراق كرده‌وه‌ به‌ شێوه‌يه‌ك ماف و شايسته‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستبه‌ر بكرێن و سيسته‌مى فيدراڵى وه‌ك له‌ ده‌ستوردا هاتوه‌ جێبه‌جێ بكرێت، چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و هاوبه‌شى و به‌شداريى پێكهاته‌كانى عێراقيشى له‌ پرۆسه‌ى سياسى و به‌ڕێوه‌بردنى وڵاتدا، به‌ فاكته‌رى سه‌قامگيريى وڵات له‌ قه‌ڵه‌م دا.

جه‌ختى له‌وهش‌ كردوه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌ فاكته‌رێكى سه‌قامگيرى له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌و خوازيارى بره‌ودانه‌‌ به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێزگرتن و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش، ڕونيشى كرده‌وه‌ كه‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلاميى ئێران و كۆمارى توركيا باشن و قه‌باره‌يه‌كى گه‌وره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و چالاكيى ئابورى له‌گه‌ڵياندا هه‌يه‌.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى كۆبونه‌وه‌كه‌دا نێچيرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌ مه‌ترسييه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش كردو جه‌ختى له‌ پێويستيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ به‌رده‌واميى پشتگيريى نێوده‌وڵه‌تى بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى تيرۆر و گرنگيى هه‌ماهه‌نگيى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق به‌تايبه‌تى له‌ سنورى ناوچه‌كانى مادده‌ى (140) كرده‌وه‌.

بەپێی راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێم، كونسوڵ و نوێنه‌رانى وڵاتانى يه‌كێتيى ئه‌وروپا چه‌ندين پرسياريان ده‌رباره‌ى ته‌وه‌ركانى كۆبونه‌وه‌كه‌‌، گفتوگۆى ستراتيژيى ئه‌مه‌ريكاـ عێراق و سه‌ردان و ديداره‌كانى ئه‌م دواييه‌ى نێچيرڤان بارزانى له‌ به‌غداو ئه‌نقه‌رەو چه‌ند پرسێكى په‌يوه‌ست به‌ دۆخى ناوچه‌كه‌وه‌‌ ئاراسته‌ى سەرۆكی هەرێم كردو خۆشحاڵييان به‌ كاركردن و هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها دوپاتيان كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كانيان به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانيان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانن.

له‌ وه‌ڵامدا نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ سياسه‌ت و تێڕوانينى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى پاراستنى سه‌قامگيرى و گفتوگۆ و هاوبه‌شى و پێكه‌وه‌ كاركردن بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌يرانه‌كان و يارمه‌تيدانى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاسوده‌يان بۆ شوێنه‌كانيان كرده‌وه‌.


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×