وەزارەتی بازرگانی دۆسییەی کارگە گەورەکان لە دەستەی وەبەرهێنان وەردەگرێتەوە
  2020-09-16       291       
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دۆسییەی کارگە گەورەکان لە دەستەی وەبەرهێنان وەردەگرێتەوە، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی بازرگانیش دەڵێت: لەو رێگەیەوە دەتوانین چاودێری کوالیتی و بەرهەمی کارگەکان بکەین و هەڵسەنگاندیان بۆ بکەین.

فەرهەنگ خالید، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە لێدوانێکدا بە میدیای رەسمی گۆڕان راگەیاند؛ وەزارەتی بازرگانی بەپێی یاسای ژمارە (20)ی ساڵی (1998)ی کارپێکراو کە ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرکارە، کاری پێ دەکرێت کە بریتیە لە یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی و بەپێی یاساکە دەبێت هەمو کارگەیەک کە دەست بەکارکردن دەکات، لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی تۆمار بکرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان پەیڕەوی ئەم میکانیزمە نەکراوە بەڵکو کارگە گەورەکان کە سەرمایەکانیان لە سەرو یەک ملیۆن دۆلارەوەیە، سودیان لە یاسای ژمارە (6)ی وەبەرهێنان وەرگرتوە و لەوێ تۆمارکراون، بەڵام دوای ئەوە دەبوایە کارگەکان لەروی چاودێری و هونەرییەوە رادەستی وەزارەتی بازرگانی بكرێت کە نەکرابو.

وتیشی: لە رابردودا هەر کارگەیەکی گەورە کە ناوی لە دەستەی وەبەرهێنان تۆمار دەکرا، دۆسییەکانیان لە دەستەی وەبەرهێنان دەمایەوە، لەکاتێکدا کارەکانیان لەرێگەی وەزارەتی بازرگانییەوە دەکرا، بەڵام دواتر لەرێگەی وەزارەتی بازرگانییەوە بە دەستەی وەبەرهێنانمان راگەیاند ئەوە کارێکی هەڵەیە لە رابردودا کراوە و دوای کۆبونەوەیان لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان، ئەوانیش هەمان بۆچونی وەزارەتیان هەبو کە دەبێت سەرپەرشتی و چاودێریکردنی ئەو کارگانە بگەڕێتەوە وەزارەتی بازرگانی.

رونیشیکردەوە، بەو هەنگاو کارگەکان دەتوانن سود لە ماف و ئیمتیازاتی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی ژمارە (20)ی ساڵی (1998) بکەن لە وەزارەتی بازرگانی و لەلایەکی دیکەوەشەوە وەزارەتی بازرگانی دەتوانێت لە شارەکانی هەرێم چاودێری کارەکانی ئەو کارگانە بکات لە نزیکەوە. 

بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئاماژەی بەوەکرد، کە وەزارەتەکەیان دەتوانێت چاودێری کوالیتی بەرهەمی کارگەکان و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکات و بەدواداچون بکات.

راشیگەیاند؛ بڕیار دراوە کە سەرجەم دۆسیەی کۆمپانیا گەورەکان کە پێشتر لە دەستەی وەبەرهێنان بون، رادەستی وەزارەتی بازرگانی بکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×