باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق: ئامانجی هێرشە موشەكییەكان بۆ سەر باڵیۆزخانەكەمان لاوازكردنی دەسەڵاتی كازمییە
  2020-09-17       425       

ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق پێی وایە ئامانجی هێرشە موشەكییەكان بۆ سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە بەغداو هێزەكانی هاوپەیمانان، لاوازكردنی دەسەڵاتی حكومەتی عێراقییە بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی.

ئاوێنە: لەگەڵ بەردەوامی هێرشە موشەكییەكان كە زۆر جار لە بەغدا ناوچەی سەوزی بەغدا دەكەنە ئامانج، ماتیۆ تولەر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە كەناڵی "ئەلعەرەبیە"ی راگەیاندوە، ئامانج لەو هێرشانەی دەكرێنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكاو هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لاوازكردنی دەسەڵاتی حكومەتی عێراقییە بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لەگەڵ حكومەتی عێراق تاوتوێی ئەو هێرشانە دەكات ئەوەش لەپێناو دەستەبەركردنی پاراستنی باڵیۆزخانەكەو بەرگرتن لە ئەنجامدەرانی هێرشە موشەكییەكان.

باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق ئاماژەی بەوەشداوە كە پێیانوایە ئێران دەست لە كاروباری عێراق وەردەدات و وتوشیەتی: پێمانوایە ئەجێندای دەرەكی لە عێراق بونی هەیە كە ئامانج لێی لاوازكردنی وڵاتەكەیە.

جەختیشی كردۆتەوە كە ئەمریكا هەوڵی مانەوەی هەمیشەیی لەعێراق نادات و ئەوەشی خستۆتەڕو كە بونی هێزی ئەمریكا لە عێراق لەسەر داوای حكومەتی عێراق بوە بە شەڕی داعش كە هێشتا ئەو رێكخراوە هەڕەشەیە لە زۆرێك لە ناوچە دورەدەستەكان و بیابانەكانی عێراق.

هەروەك لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا جەختی كردۆتەوە كە ئەمریكا پشتیوانی حكومەتی عێراق دەكات لە هەوڵەكانیدا بۆ ئاشكراكردنی بكوژانی خۆپیشاندەران و لێپێچینەوە لەو لایەنانەی بەشدارن لە بێسەروشوێنكردن و كوشتنی چالاكوانانی مەدەنیدا.

هەروەك دوپاتیشیكردۆتەوە كە وڵاتەكەی پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەرد لە عێراق دەكات و هەروەها پشتیوانی هەوڵەكانی حكومەت دەكات بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×