وەزبری دارایی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی لەسەر "دزینی دو ملیار دینارەكەی" بانكی منارە پێكهێنا
  2020-09-17       895       

دوای دزینی بڕی دو ملیار دینار لەلایەن كارمەندێكەوە لە بانكی منارە لە هەولێر، وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەرێكی نوێی بۆ بانكەكە داناو لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەشی بۆ كێشەكە پێكهێنا.

ئاوێنە: دوێنێ چوارشەممە، هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك ئاشكرایكردبو كە لە چەند رۆژی رابردودا، لە یەکێک لە بانكەکانی شاری ھەولێر، "کارمەندی ژمریاری بانكەکە دو ملیار دینار دەدزێت." و دوای ئەوەی كارمەندێكی دیكەی بانكەكە لایەنی پەیوەندیدارە ئاگاداردەكاتەوە یەكسەر دەگەنە بانكەكەو ئەو كارمەندەی پارەكەی بردوە بانگ دەكەن و دان بە "دزییەكە"یدا دەنێت و لە كامێرای بانكەكەش دردەكەوێت كە بەڵێ پارەكەی بە كاش بردوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرمانێكدا بڕیاریدا بە پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەسەر كێشەی بانكی منارە.

هەر ئەمڕۆ وەزیری دارایی و ئابوری، لە فەرمانێكدا دیكەدا، بڕیاریداوە بە گواستنەوەی راژەی "موزەفەر جەعفەر سدیق" بەڕێوەبەری بانكی بێخاڵ بۆ بانكی منارەو دانانی بە بەڕێوەبەر.

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×