وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزای بەسەر کۆمپانیایەک و گروپـێک و 45 کەسدا
سەپاند کە کاری هاککردن و سیخوڕی سەر ئنتەرنێت بۆ حکومەتی ئێران دەکەن.
ئاوێنە: وەزارەتەکە ئەمڕۆ
پـێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا نوسیویەتی: سزایان بەسەر گروپی ئێرانی ناسراو بە Advanced Persistent Threat 39 یان (APT39) و 45 کەس کە
کاری بۆ دەکەن لەگەڵ کۆمپانیای (رایانش هوشمند رانا)ی ئێرانیدا سەپاندوە.
بەپـێی بەیاننامەکە ئەمانە کار بۆ وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران دەکەن و سیخوڕی
بەسەر ئێرانی و خەڵکی بیانیش دەکەن و سەدان کەس و کۆمپانیا و دەزگایان لە زیاتر لە
30 وڵات کردوەتەوە ئامانج، لەوانە نزیکەی 15 کۆمپانیای ئەمەریکی.
وەزارەتەکە ئەوەشی خستۆتەڕو كە کۆمپانیای رانا بۆ ئەم مەبەستە بەرنامەی سیخوڕی
کۆمپیوتەری بەکارهێناوە و لەگەڵ گروپی APT39 سیخوڕیانکردوە بەسەر کەسانی ئۆپۆزسیۆن و ڕۆژنامەوانانی ئێرانی
و فەرمانبەرانی حکومەت و خوێندکاران و ڕێکخراوە ناحکومیـیەکان و پەنابەران و تەنانەت
زانایانی ژینگە.
وەزارەتی خەزێنە ئەوەشی وتوە: ژمارەیەک لەو کەسانەی لە ناو ئێراندا سیخوڕییان
بەسەردا کراوە، لە لایەن ئیتلاعاتەوە دەستگیرکراون و ڕوبەڕوی ئەشكەنجەی جەستەیی و
دەرونی بونەتەوە.