رونكردنەوە دەربارەی تەقینەوەی نێو كۆگایەكی حەشدی شەعبی لە بنكەی سپایكەر دەدرێت
  2020-09-18       413       

ئۆپەراسیۆنەكانی سەڵاحەدین رەتیدەكاتەوە تەقینەوەكەی كۆگایەكی حەشدی شەعبی لە بنكەی سپایكەر بەهۆی بۆردومانكردنەوە بوبێت.

ئاوێنە: عەبدولموحسین حاتەم، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی پارێزگای سەڵاحەدین، ئەمڕۆ هەینی، بە ئاژانسی رەسمی هەواڵی عێراقی راگەیاند: هیچ بارەگایەكی حەشدی شەعبی لە بنكەی سەربازیی سپایكەر بۆردومان نەكراوە، لایەنە پەیوەندیدارەكان سەردانی شوێنی روداوەكەیان كردوەو دەركەوتوە تەقینەوەكە لەنێو بینایەكی جێهێڵراودا بوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو: چەند بۆمبێك لەنێو ئەو بینایەی بنكەی سەربازیی سپایكەر تەقیونەتەوە ئەوەش بەهۆی خراپی هەڵگرتنیان و بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما.

ئاشكراشیكردوە كە تەقینەوەكە لە بارەگایەكی لیوای پێنجی حەشدی شەعبی بوەو هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتۆتەوە.

لای خۆیشییەوە شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاندوە: تەقینەوەكە لەنێو كۆگایەكی چەك و تەقەمەنیدا بوە كە بۆمبی چێنراوی تێدابوەو لە بنكەی سەربازیی سپایكەرو دەركەوتوە كە هۆكاری تەقینەوەكە خراپ هەڵگرتنی چەك و تەقەمەنییەكان بوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×