دەروازە سنورییەكانی عێراق دەربارەی سنوربەزاندنی سەردانكەرانی ئێرانی رونكردنەوە دەدا
  2020-09-18       505       

دوای بڵاوبونەوەی چەند ڤیدیۆیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە تێیدا سەردانكەرانی ئێرانی هەوڵی بەزاندنی سنورو هاتنە ناو عێراق دەدەن، دەستەی دەروازە سنورییەكانی عێراق دەڵێت: پابەندن بە داخستنی دەروازە سنورییە زەمینییەكان لەبەردەم سەردانكەرانی ئێرانی و بیانیدا بەهۆی پەتای كۆرۆناوە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ هەینی، چەند ڤیدیۆییەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە كە تێیدا كۆمەڵێك سەردانكەری ئێرانی لە یەكێك لە دەروازە سنورییەكان لەگەڵ عێراق دەردەكەون كە هەوڵی دەربازبون لە هێزی پاسەوانی سنوریی ئێرانی دەدەن بۆ هاتنە ناو عێراق.

دەستەی دەروازە سنورییەكانی عێراق، هەر ئەمڕۆ لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوبونەتەوە كە باس لە هەوڵی هاتنی سەردانكەرانی ئێرانی دەكەن بۆ نێو عێراق لە ڕێگەی دەروازە سنورییە هاوبەشەكانەوە.

وتوشیەتی: جەختدەكەینەوە كە بەتەواوەتی پابەندین بە بڕیارەكانی لیژنەی باڵای تەندروستییەوە كە پێداگری لەسەر داخستنی سنورە زەمینییەكان دەكات بەڕوی سەردانكەرانی ئێرانی و بیانیدا بەهۆی پەتای كۆرۆناوە.

هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە كە پابەندن بە كراوەیی دەروازە سنورییەكان لەبەردەم رۆشتنی خوێندكارانی عێراق و نەخۆشان بۆ ئێران و بەپێچەوانەی ئەوەوە سنورەكانمان بەتەواوەتی داخراون.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە هەمو رێوشوێنێكی ئەمنی گیراوەتەبەر بۆ هەر رێگریكردن لە هەر پێشێلكارییەك ئەوەش بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكاندا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×