وەزارەتی دادی ئەمریکا ناوی دوو کەسی بڵاوکردەوە کە تۆمەتبارن بە پێدانی بەرتیل له‌ هه‌ولێر
  2020-09-19       1365       
وەزارەتی دادی ئەمریکا ئەمڕۆ 19ی ئەیلول، ناوی دوو کەسی بڵاوکردەوە کە تۆمەتبارن بە پێدانی بەرتیل و پارەی پێشەکی لە سودی کۆمپانیاکەی خۆیان لە شاری هەولێر.

ئاوێنه‌: لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دادی ئەمریکا ئاشکرایکرد، "دوو کەس بەناوەکانی مارک ئالان و لارە جومعە محەمەد، لە شاری هەولێر دادەنیشن و تۆمەتبارن بەوەی بەرتیل و پارەیان داوەتە بەرپرسێکی ئەمریکی تا زۆرینەی گرێبەستەکان لە ڕێگەی کۆمپانیاکەی ئەوانەوە بکرێت".

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی دادی ئەمریکی، ئەم دوو کەسە کۆمپانیایان هەبووە بۆ دابینکردنی پێداویستی بۆ بنکەی سەربازیی ئەمریکی لە شاری هەولێر.

ئاماژە بەوەشکراوە، مارک ئالان و لارە جومعە، لەگەڵ بەرپرسێکی ئەمریکی ڕێککەوتون لە ٪20 پارەی هەر گرێبەستێک بدەنە بەرپرسەکە ئەگەر لە ڕێگەی کۆمپانیاکەی ئەوانەوە دابینکردنى پێداویستییەکان ئەنجامبدرێت.

وەزارەتی دادی ئەمریکا لەبارەی دۆسییەکەوە ڕایگەیاندووە، "بوونی گەندەڵیی ئیداریی لە ڕێککەوتن و گرێبەستەکاندا کاریگەری لەسەر نوێنەرایەتیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت و بۆ پاراستنی شەفافییەت لە ڕیزەکانی سوپا وەزارەتی داد هەموو ڕێکارێک دەگرێتە بەر".

دۆسییەی ئەو دوو کەسە براوەتە دادگا و چاوەڕێ دەکرێت لە دادگا وتەیان لێوەربگیرێت و بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسییەکە بدرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×