ئەمریکا رادار و زرێپۆشی جەنگیی ره‌وانه‌ی ڕۆژئاوای كوردستان کرد
  2020-09-19       960       
 
فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM)، بڵاوی کردەوە کە راداری جۆری سێنتینێڵ و زرێپۆشی جۆری برادلیان رەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان کردووە.

ئاوێنه‌: لەو بارەیەوە، وتەبێژی فەرماندەییەکە، کۆلۆنێڵ بیل ئێربن رایگەیاند ''بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە ئاسایشی هێزەکانی هاوپەیمانی لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا، فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندی ئەمریکا فەرمانی کرد بە گرتنەبەری چەند هەنگاوێک. لەو چوارچێوەیەشدا بۆ زیادکردنی دەوریەی فڕۆکەی جەنگیی بەسەر هێزەکانی ئەمریکا راداری سێنتینێڵ و بۆ پشتیوانیش لە سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەی ئارامی سووریا زرێپۆشی جەنگی برادلی رەوانە کران''.

بیل ئێربن باسی لەوە کرد کە ئەو هەنگاوانە بەمەبەستی بەردەوامیدان بە هێزەکانی ئەمریکا لە بەرەنگاربوونەوەی داعش گیراونەتەبەر و، بە ئامانجی پاراستنی هێزی هاوپەیمانی گۆڕانکاری کراوە لە بارەی پێگەکانی هێزەکە لە ناوچەکەدا.

وتیشی: ''پێشتریش وەزارەتی بەرگریی ئۆتۆمبێلەکانی برادلی رەوانەی سووریا کردووە. ئەمریکا لەگەڵ هیچ وڵاتێکدا لە سووریا بەدوای پێکدادانەوە نییە، بەڵام بەپێی پێویست هێزەکانی هاوپەیمانی دەپارێزێت''.

هەروەها لە راگەیەندراوێکدا کە لە لایەن هاوپەیمانیيەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە ئەو ئۆتۆمبێلانە لە لایەن سەربازانی ئەمریکاوە بەکاردەهێنرێن و، دەستەبەری ئەوە دەکەن کە هێزەکانی هاوپەیمانی لە ناوچەکەدا سەربەستانە جووڵە بکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش وەبیرهێنراوەتەوە کە پێنتاگۆن پێشتر لە ساڵی ٢٠١٩دا ئۆتۆمبێلی برادلی رەوانەی سووریا کردووە.

سوپای ئەمریکا کە لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراوی باکووری خۆرهەڵاتی سووریا کشاوەتەوە، لە گەڵ هێزەکانی هەسەدە بەردەوامە لە هاریکاری کردن و بەیەکەوە کۆنترۆڵی دامەزراوە نەوتییەکانی خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە دەکەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×