گۆڕان بۆ مەلا بەختیار: ئامادەین بۆ هەر رێكارو جوڵەیەكی یاسایی
  2020-09-19       1736       

ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان، لەوەڵامی مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیدا بۆ تۆماكردنی سكاڵا دژبە ماڵپەڕی "كەی ئێن ئێن" و پێشمەرگەیەكی دێرین، دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی ناوبراو دەستپێشخەر بوە بۆ هێرشكردنە سەر نەوشیروان مستەفا، بەڵام ئەمان ئامادەن و پشتگیری هەر رێكارو جوڵەیەكی یاسایین لەبەرامبەر تیمی میدیایی و هەڵسوڕاوانی گۆران و ئەو پێشمەرگە دێرینانەی كە راستیەكانیان خستوەتەڕو.

ژوی یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێکدا، وتی: مەلا بەختیار لە چاوپێکەوتنێکی روداودا هێرشی ناڕەوای کردوەتە سەر نەوشیروان مستەفا و مێژو و خەبات و کەسایەتی داوەتە بەر نەشتەری بوهتان و تۆمەتی بێبنەما، لەبەرامبەردا میدیای گۆڕان وەڵامی تۆمەتە بێ بنەماکانی داوەتەوە، بەڵام بە پاساوی ناوزڕاندنی بانگەشەی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی دەكات لەسەر دامەزراوەی میدیایی بزوتنەوەی گۆران و ئەو پێشمەرگە دێرینانەی هاتونەتە دەنگ.

ژوری یاسایی رایگەیاندوە؛ بەهاوكاری رایەڵەی پارێزەران وێڕای ئەوەی بە مافی رەوای بزوتنەوەکەمانی دەزانین وەڵامی بەڵگەداری میدیایی بۆ مەلا بەختیار و هاوشێوەکانی بڵاوبکاتەوە لەپای تۆمەتە ناڕەواکانیان، لەهەمانکاتدا ئامادە و پشتگیری هەر رێكارو جوڵەیەكی یاسایین لەبەرامبەر تیمی میدیایی و هەڵسوڕاوانی گۆران و ئەو پێشمەرگە دێرینانەی كە راستیەكانیان خستوەتەڕو.

دەقی راگەیەندراوەكە..

راگەیەندراوێک لەژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕانەوە

 مەلا بەختیار شەوی (12/9/2020) لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی روداو، هێرشێکی ناڕەوای کردە سەر رەوانشاد نەوشیروان مستەفا و مێژوی خەبات و کەسایەتی دایە بەر نەشتەری بوهتان و تۆمەتی بێ بنەما، لەبەرامبەردا خەڵکی کوردستان و گۆڕانخوازان هاتنەدەنگ وەڵامی تۆمەتەکانیان دایەوە.

لەو نێوەندەشدا، میدیای گۆڕان وەک بەشێک لەهەڵمەتی وەڵامدانەوەی تۆمەتە بێ بنەماکانی ئەو کەسە، بە ئەرکی خۆی هەستا و بە بەڵگەی نوسراو و وێنە و لەرێی چاوپێکەوتنی شاهێدحاڵەکانی ئەو مێژوەوە پەردەی لەسەر راستی روداوە شێوێندراوەکان هەڵماڵی.

لەگەڵ ئەوەی ناوبراو دەستپێشخەری کردوە بۆ هێرشکردنە سەر کەسایەتی کاک نەوشیروان و هەوڵی شێواندنی راستیەکانی داوە، بەڵام بە پاساوی ناوزڕاندنی بانگەشەی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی دەكات لەسەر دامەزراوەی میدیایی بزوتنەوەی گۆران و ئەو پێشمەرگە دێرینانەی هاتونەتە دەنگ.

ئێمە لەژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان، پێكەوە و بەهاوكاری رایەڵەی پارێزەران وێڕای ئەوەی بە مافی رەوای بزوتنەوەکەمانی دەزانین وەڵامی بەڵگەداری میدیایی بۆ مەلا بەختیار و هاوشێوەکانی بڵاوبکاتەوە لەپای تۆمەتە ناڕەواکانیان، لەهەمانکاتدا ئامادە و پشتگیری هەر رێكار و جوڵەیەكی یاسایین لەبەرامبەر تیمی میدیایی و هەڵسوڕاوانی گۆران و ئەو پێشمەرگە دێرینانەی كە راستیەكانین خستوەتەڕو.

ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆران
19/9/2020

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×