كازمی گەشتی دەرەوەی وڵات لە فەرماندەیەكی سەربازیی عێراق قەدەغەدەكا
  2020-09-19       591       
جەمیل شەممەری

مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، ئەمڕۆ شەممە، بڕیاریداوە بە سەپاندنی قەدەغەی گەشتی دەرەوەی وڵات بەسەر جەمیل شەممەری، بەهۆی تێوەگلانی لە پرسی كوشتنی خۆپیشاندەران لە ناسریە.

ئاوێنە: ئەحمەد مەلا تەڵال، وتەبێژی كازمی لە تویتێكدا رایگەیاند، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بڕیاریداوە بە قەدەغەكردنی گەشتی دەرەوەی وڵات لە جەمیل شەممەری، بەهۆی تێوەگلانی لە پرسی كوشتنی خۆپیشاندەران لە ناسریە، ئەوەش لە پەیوەست بەوەی مۆڵەتی وەهمی دراوەتێ بۆ چارەسەر لە دەرەوەی وڵات.

میدیا عێراقییەكان پێشتر بڵاویان كردەوە كە وەزارەتی بەرگری عێراق، رەزامەندی داوە لە سەر مۆڵەتدان بە جەمیل شەممەری بۆ گەشتكردن بۆ دەرەوەی وڵات بەمەبەستی چارەسەر.

جەمیل شەممەری، فەرماندەی هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا بو لە ناسریەو هاوڵاتیانی شارەكە لە سەروبەندی خۆپیشاندانەكاندا تۆمەتباریان كرد بەوەی فەرمانی بە چەند یەكەیەكی هێزەكانی ژێر دەستیكردوە تەقە لە خۆپیشاندەران بكەن.

لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا، بە فەرمانی وەزارەتی بەرگری عێراق شەممەری لە پۆستەكەی دورخرایەوە.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×