عەلی حەمەساڵح: بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی بۆ فرۆشتنی دۆلار داهاتی نەوت ناگرێتەوە
  2020-09-20       480       

عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی بۆ فرۆشتنی دۆلار بەشێوەی زیادكردنی ئاشكرا، داهاتی نەوت ناگرێتەوە كە ماوەی چەندین ساڵە دەدرێت بە یەك بانك و قازانجەكەی لە ئێستادا نزیكەی نۆ ملیار دینارە.

ئاوێنە: عەلی حەمەساڵح، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا لەڕێگەی لاپەڕەی خۆیەوە لە فەیسبوك، ئەنجامی بەدواداچونێكی خۆی سەبارەت بە بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی بۆ فرۆشتنی دۆلار بە دینار بەشێوەی كێبڕكێ ئاشكراكردوە.

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان وتویەتی"گۆڕینەوەی  داھاتی دۆلار بۆ دینار بەشێوەی کێبرکێ داھاتی نەوت ناگرێتەوەو قازانجی گەورەی بانکێکی ئەھلی بەردەوامە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ماوەی چەندین ساڵە گۆڕینەوەی پارەی نەوت لە دۆلار بۆ دینار دەدرێت بەیەک بانک. پێشتر ھەر ١٠٠ دۆلار بە ١١٧ ھەزار دینار دەدرا بە بانکی کوردستان، بانکی کوردستان خۆی  لە بازاڕدا دەیفرۆشت. پاشان گوازرایەوە بۆ RT BANK و١٠٠ دۆلار دەدرا بە ١٢٠ ھەزار دینار و ئەمیش خۆی لە بازاڕدا دەیفرۆشت."

وتوشیەتی"پێشتر مانگانە حکومەت ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری دەگۆڕییەوە، ھەندێک مانگ قازانجی ئەم بانکانە لەڕابردودا ٢٧ ملیار دینار بوە (بە ١١٧ وەریاندەگرت و بە ١٢٧ دەیانفرۆشت)"
ئاشكراشیكردوە"لەم دوایەدا قازنجی مانگانە دابەزی بۆ  ٩ ملیار دینار (بە ١٢٠ ھەزار وەریاندەگرت بە ١٢٣ ھەزار دەیانفرۆشت."

عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوەشداوە كە لە کابینەی پێشو و ئەم کابینەشدا، چەندین جار داوامانکردوە ئاڵوگۆڕی دۆلار بە دینار لە یەک بانکی ئەھلی وەربگیرێتەوەو حکومەت خۆی ڕاستەوخۆ دۆلار بە بازرگان و بانکەکان بفرۆشێت. كە بەوەش بەقسەی ئەو، ھەم داھات بە قەبارەی ٩ ملیار دینار زیاددەکات (ئەگەر ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بفرۆشێت) ھەم جوڵەی دارایی دروستدەبێت.

وتوشیەتی"ئێستا وەزارەتی دارایی  بڕیاریداوە  فرۆشتنی دۆلار بە دینار بە شێوەی زیادکردنی ئاشکرا دەبێت، بەڵام ئەم بڕیارە لە ئێستادا داھاتی نەوت ناگرێتەوە، تەنیا بۆ ئەو داھاتانەی دیکەی وەزارەتی داراییە کە بە دۆلارە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەو بانکە ئەھلیە خۆی دۆلارە دەگۆڕێتەوە بە دینار بە ١٢٠ ھەزار دینار بۆ ھەر ١٠٠ دۆلارێک و پاشان دەیدات بە وەزارەتی دارایی!"

جەختیشی كردۆتەوە كە "پێویستە ڕێگا لەم قۆرخکاریە بگیرێت کە زیانی مانگانەی لە ڕابردو زیاتر لە ٩ ملیار دیناری بوە بۆ قازانجی یەک بانک، فرۆشتنی دۆلار بە دیناریش  بە کێبرکێ بێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×