پەرلەمانتارێك: حكومەت رێگە بە خاوەن زەوییەكانی ئەم ناوچەیەی هەولێر نادا شوێنی نیشتەجێبون دروستبكەن
  2020-09-20       642       

پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایكرد، ‎خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک کە ژمارەیان نزیکەی ٢٠ هەزار خێزانە؛ سەرباری ئەوەی زەوییەکان بە ناوی خۆیانەوەن، بەڵام تا ئێستا ڕێگەپێدانییان بۆ ناکرێت بۆ بنیاتنانی شوێنی نیشتەجێبون کە ئەمە خۆی پێچەوانەی یاسا بەرکارەکانە.

ئاوێنە: كاروان گەزنەیی، پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا وتوشیەتی"‎تەنانەت خاوەن زەوییەکان داوا دەکەن کە هەر خاوەن زەوییەکیان ئامادەیە ١٠٠٠-١٥٠٠ دۆلار بدات بە حکومەت، بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، کە دەکاتە نزیکەی ٣٠ ملیۆن دۆلار، لە بەرامبەردا حکومەت ڕێگە پێدانییان بۆ بکات بۆ دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبون- بەڵام حکومەت ئەوەش ڕەت دەکاتەوە، لە کاتێکدا ساڵانەش زەڕیبەیان لێ وەردەگیرێت."

گەزنەیی ئەوەشی خستۆتەڕو"‎لە کاتێکدا حکومەت خۆی بەردەوامە لە دابەشکردنی زەوییەکان و تاپۆکردنی لەسەر بەرپرسی حزبی و خەڵکی تایبەت بە خۆیان؛ بە جۆرێک، لە ساڵی ٢٠١٢ ژمارە ئەو زەویانە تەنها ١٢ هەزار پارچە زەوی بوە و ئێستا نزیک بوەتەوە لە ٢٠ هەزار پارچە زەوی."

جەختیشی كردۆتەوە"‎ئەو مەهزەلەیەی لەم حکومەتە بونی هەیە، لە دنیا وێنەی نیە؛ زەوی تاپۆ و ئامادە بیت بە پارەی خۆت خزمەتگوزاری دابین بکەیت، هێشتاش ڕێگەت نەدەن! لە کاتێکدا ڕۆژانە هەزاران دۆنم زەوی داگیر دەکرێت و خزمەتگوزاریشی بۆ دەبردرێت! بەرپرس هەیە لە هەولێر بوەتە خاوەنی ملیۆنان دۆلار بە هۆی زەوی نایاساییەوە و ملیۆنان دۆلاریشی بۆ خەرجکراوە بۆ دروستکردنی بینای بازرگانی، بەڵام ڕێگە بە خەڵکی هەژار نادرێت بە پارەی خۆی و زەوی خۆی، خانوەیەکی ٢٠٠ مەتری دروست بکات."

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستۆتەڕو"لە مانگی 1ی ٢٠٢٠ واتا نزیکەی ٩ مانگ پێش ئێستا حکومەتمان لەم بارەیەوە ئاگادارکردەوە و پرسیار و یاداشتی جەختکردنەوەشمان کردوەو تا ئێستا بە وشەیەکیش ئامادەنەبون وەڵام بدەنەوە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×