حەسەن روحانی: نەگەر ئەمەریکا لە ملھوڕییەکانی خۆی بەردەوام بێت روبەڕوی وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی ئێران دەبێتەوە
  2020-09-21       211       
حەسەن روحانی، سەرۆک کۆماری ئێران ھۆشداری دەداتە ئەمەریکا و رایدەگەێنێت "ئەگەر ئەمەریکا لە ملھوڕییەکانی خۆی بەردەوام بێت رووبەڕووی وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی ئێران دەبێتەوە".

ئاوێنه‌: سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەیدا دەڵێ "ئەگەر ئەو پێنج وڵاتەکەی کە لە رێککەوتنەکەدا ماونەتەوە بەڵێنەکانی خۆیان بەرامبەر ئێران جێبەجێ بکەن، ئێران بەتەواوی پابەندی رێککەوتنەکە ده‌بێت".

حەسەن روحانی، وتی: "وەک سەرۆک کۆماری ئێران دەمەوێت رابگەێنم کە ئەگەر ئەمەریکا بیەوێت سوود لە ملھوڕییەکانی خۆی ببینێت و ئەو قسە نابەجێیەی کە دەڵێ من رێککەوتنەکانم رەتکردنەوە، کە ھیچ لایەنێک ئەم قسانەی ئەمەریکای قبوڵ نەکردوون و بیەوێت لە رووی کردارییەوە ھەنگاوێک بنێت، بەدڵنیاییەوە رووبەڕووی وەڵامی یەکلاکەرەوەی ئێمە دەبێتەوە. بەتەواوی روونە کە ئێران لە ھیچ قۆناغێکدا نەچووەتەوە ژێرباری ئەمەریکا و لەم قۆناغەشدا لەبەرامبەر ملھوڕییەکانی ئەمەریکا رادەوەستێت".

وتیشی: "وەک وڵاتی دۆست، سوپاسی رووسیا و چین دەکەم کە بەتووندی و بەھێزەوە لەبەرامبەر قسە و کارە نابەجێکانی ئەمەریکا لە قۆناغەکانی پێشوو و لەم قۆناغەشدا راوەستان. ھەروەھا سوپاسی ئەنجومەنی ئاسایش و وڵاتانی ئەوروپاش دەکەم. ئەگەر ئەو پێنج وڵاتەکەی کە لە رێککەوتنەکەدا ماونەتەوە، بەڵێن و ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن، ئێمەش دەگەڕێینەوە بۆ پابەندییەکانمان لە رێککەوتنەکەوە".
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×