کازمی لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوەی پرۆژەی هێڵی شەمەندەفەری هەڵواسراوی بەغداد پێکدەهێنێت
  2020-09-21       379       

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ دووبارە پێداچوونەوەی پرۆژەی هێڵی شەمەندەفەری هەڵواسراوی بەغداد، لەپێناو دیاریکردنی پێداویستی و میکانیزمی پرۆژەکە و چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی بەمەبەستی جێبەجێکردنی پرۆژەکە.

ئاوێنه‌:  حەیدەر مەجید، وتەبێژی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بە ئاژانسی عێراقییەی فەرمی ڕاگەیاند، “سەرۆک وەزیران لیژنەییەکی تایبەتمەند ڕادەسپێرێت بۆ پێشکەشکردنی ڕێنمایی و تێبینییەکانیان لە ماوەی 45 ڕۆژدا، بۆئەوەی ڕێکاری پێویست لەوبارەیەوە بگیرێتەبەر”.

وتەبێژی ئەمیندارێتیی ئەنجومەنی وەزیران ئاشکرای کردووە کە ناسر بەندەر، وەزیری گواستنەوەی عێراق سەرۆکایەتیی لیژنەکە دەکات و هەریەکە لە نوێنەرانی وەزارەتەکانی دارایی، پلاندانان، کار، شارەوانییەکان، ئاوەدانکردنەوە و دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانی و ئەمیندارێتی بەغداد ئەندامێتی لیژنەکە دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد کە بڕیارەکە لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دراوە لە بەرواری 15ی ئەیلول.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×