یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال: تەقینەوەکەی شەنگال لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دا بووە
  2020-09-21       601       

یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال کە نزیکن لە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە لە بارەی تەقینەوەکەی دوێنێ شەوی شەنگالەوە زانیاری نوێ و پێچەوانەی میدیاکانی باشوور بڵاودەکاتەوەو، دەڵێت " ئەو تەقینەوەیە لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەدەکە بووەو هەر میدیاکانی پارتیشە بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن کە هێرشی فڕۆکەوانی بووە".

ئاوێنه‌: لەو راگەیاندنەدا یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال، دەڵێت " دوێنێ شەو کاتژمێر ٢٠:٤٥ لە نزیک مەزارگەی شەرەفەدین، کە ناوچەیەکی پیرۆزی کۆمەڵگەی ئێزدییە، ئۆتۆمبێلێک تەقییەوە. تاوەکو ئێستا روون نەبووەتەوە ئەو ئۆتۆمبێلە چۆن و کێ تەقاندوییەتەوە".

لە راگەیاندراوەکەی یەبەشەدا ئاماژە بەوەش دەکات "ئەوەی جێگای سەرنجە، هەندێک هێز و هێزەکانی پەدەکە رایانگەیاندووە، ئەوە هێرشێکی ئاسمانییە، بەڵام لەو کاتەدا، کە ئەو ئۆتۆمبێلە تەقیوەتەوە فڕۆکەی چاودێری و فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانی شەنگالدا نەبووە".

یەبەشە ئەوەشی راگەیاند، ئەو شوێنەی ئۆتۆمبێلەکەی تیایدا تەقیوەتەوە ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پەدەکەیە و ئەو ناوچەیە لە دەست هێزە پەدەکەدایە.

یەبەشە ئاماژەی بەوەشکردووە" دەیانەوێت لەو رێگەیەوە ئەوە نیشان بدەن، کە دۆخی ئاسایش لە شەنگال ئارام نییە، بەڵام راستییەکە ئەوەیە، دوای تێکۆشانی ٦ ساڵ ئەو ئارامییە لە شەنگال دەستەبەرکراوە لە هیچ شوێنێکی تری عێراق و باشووری کوردستاندا نییە. ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت بەو پڕوپاگەندە و یاریکردنانە ئارامیی شەنگال بخەنە مەترسییەوە، بە دڵنیاییەوە بە ئامانجەکەیان  ناگەن".

شەوی رابردوو ئۆتۆمبیلێک لە ناوچەی شەنگال تەقیەوە، میدیاکانی پارتی و عێراق باس لەوە دەکەن لەرێگای فڕۆکەوە تەقێنراوەتەوە، بەڵام یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال ئەو زانیاریانە بە پیلان ناوزەد دەکەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×