پارتی لەوەڵامی یەكێتیدا: ئەگەر لەژێر فشاری دەوڵەتانی ئیقلیمیدا بوینایە ریفراندۆممان نەدەكرد
  2020-09-21       1260       

دوێنێ حیزبە کوردییەکان لەکەرکوک بە بێ پارتی کۆبونەوەو بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی، پارتی تۆمەتبارکرد بەوەی بە ئیعازی تورکیا ناگەڕێتەوە کەرکوک، بەرپرسی لقی پارتی لەوەڵامدا دەڵێت: ئەگەر پارتی لە ژێر فشاری دەوڵەتانی ئیقلیمیدا بوایە، ریفراندۆمی نەدەکرد.

ئاوێنە: محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی کە بارەگای لقەکەی ئێستا لەهەولێرە، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، سەبارەت بە قسەی بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی كە پارتی تۆمەتبارکردبو بەوەی بە ئیعازی تورکیا ناگەڕێتەوە کەرکوک، وتویەتی"مەسەلەی ڕێککەوتن و گەڕانەوەمان بۆ کەرکوک، تەنها پەیوەندی بە پارتی و حکومەتی ئیتیحادیەوە هەیە، کەرکوک داگیرکراوە، بۆیە ناگەڕێینەوە. خۆ ئەگەر پارتی لە ژێر فشاری دەوڵەتانی هەرێمایەتی بوایە، ریفراندۆمی نەدەکرد، سەلماندی ناکەوێتە ژێر فشارەوە، تورکیا ئەوەی توانی بەرامبەر پارتی کردی، کاتی خۆشی لە ساڵی 2003 ئەوە سەرۆکی پارتی بو، وتی: گەر بەتەنهاش بین، لەبرایم خەلیل بەردەمی تورکیا دەگرین، بۆیە ئەو برادەرانە با شەوان زو بخەون و زۆر نەخۆنەوە، تا بەیانی هەمو قسەیەک لە دەمیان دەرنەچێت."

ئەو بەرپرسەی پارتی سەبارەت بەوەی كە  حزبەكەی "کەرکوک بە داگیرکراو ناودەبات، کەچی لەبەغدا بەشدارە لەحکومەت دا" وتویەتی"هەم ئێمەو هەم بەشێک لەبرادەرانی یەکێتی و خەڵکی کەرکوکیش، لەگەڵ ئەو ڕایەداین کە کەرکوک بەهێز داگیرکراوە، هێزی سەربازی بە ناڕەوا هاتوە پەلاماری پێشمەرگەی داوە، پێشمەرگەی شەهید کردوە، بەوەوە نەوەستاوە، هاتوە لە پردێ و مەخمور و سحێلا پەلاماری پێشمەرگەی داوەو هەوڵی داگیرکردنی کوردستانیشی داوە، ئەمە جیاوازە، بەغدا حاڵەتێکەو کەرکوک حاڵەتێکی تر، ئینجا لەکەرکوک لەپشتەوە خەنجەر لەپێشمەرگە و دەسەڵاتی کوردی دراوە."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە "ئەو هێزەی کەرکوکی کۆنترۆڵکردوە سەر بە حکومەتی عێراقە و بە فەرمانی بەغدا هاتوە، ئایا ئەمە جیاوازی نیە لە دەربڕیندا، بەو هێزەی کەرکوک بوترێ داگیرکەر و وەکو شەریک لە بەغدا بڕوانرێ؟" وتویەتی"ئەو هێزەی هات کەرکوکی داگیرکرد، بە ئیعازی دەوڵەتی ئیقلیمی هات، خەڵکی بێگانەیان لەگەڵبو، ئەو هێزە ئێستاش ئامادەنیە بە قسەی حکومەتی عێراق بکات. ئەو هێزە بەئیعازی ئیقلیم و بەفەرمان کردن بەبەغدا هاتبو، گەر بیرتان بێت، بەرپرسی بێگانە لە ناحیەی رەشادەوە سەرپەرشتی هێرشەکەی سەر کەرکوکیان کرد.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×