سەرکردەیەکی یەکێتی: كاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ دادگایه‌كی نیشتیمانی پێكبێت بۆ دادگاییكردنی ئه‌وانه‌ی بڕیاری ریفراندۆمیاندا
  2020-09-22       1164       
ئه‌ندامێکی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی رایگەیاند، كاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ دادگایه‌كی گه‌وره‌ی نیشتیمانی پێكبێت بۆ دادگاییكردنی ئه‌وانه‌ی بڕیاری ریفراندۆمیاندا و بونه‌ هۆكاری 16ی ئۆكتۆبه‌ر و رادەستکردنی بەشێکی زۆری کوردستان بە هێزەکانی عێراق.

ئاوێنە: ئارێز عه‌بدوڵا، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی لەبارەی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستانەوە بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، "دیاره‌ ڕیفراندۆم پڕانسیپێكی دیموكراسیه‌ له‌ زۆر وڵاتانی پێشكه‌وتو بۆ كاری زۆر ساده‌ش پیاده‌ده‌كرێت، یاخود بۆ بابه‌تی زۆر چاره‌نوس-یش پیاده‌ده‌كرێت، بۆ ئێمه‌ش ریفراندۆم هه‌مان شێوه‌یه‌ ئه‌و ریفراندۆمه‌ی ئێمه‌ كردمان پرانسپێكی دیموكراسی بو، به‌ڵام شتێك هه‌بو كه‌ململانێیه‌ك هه‌بو له‌نێوان هه‌رێم و به‌غداد، رێكکه‌وتنێك له‌نێوان هه‌ردولا نه‌بو بۆ ریفراندۆم، ئه‌گه‌ر بهاتایه‌ و ڕێكه‌وتنێك هه‌بوایه‌ و ئه‌و ریفراندۆمه‌ به‌ڕه‌زامه‌ندی ده‌وڵه‌تی عێراق بوایه‌ یاخود به‌پشتگیری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان بوایه‌، بێگومان ده‌بو به‌كارتێكی سیاسی یاسایی و ڕه‌وایه‌تی خۆی هه‌رگیز له‌ده‌ست نه‌ئه‌دا به‌ڵام ریفراندۆمه‌كه‌ یه‌ك لایه‌نه‌بو".

ئاماژەی بەوەشکرد، ریفراندۆمەکە كه ‌یه‌كلایه‌نه‌بو ئه‌وا ئه‌نجامه‌كه‌ش بینرا، راسته‌ خه‌ڵك ده‌نگیدا و‌ بێگومان هه‌مو كاتێك خه‌ڵكی كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی یاخود ئه‌گه‌ر پرسیارێكی وه‌های لێ بكرێت دوباره‌ ده‌نگ ده‌داته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ی له‌جیاتی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت یاخود له‌ جیاتی به‌ده‌ستهێنانی ره‌وایه‌تی بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌شێكی زۆری خاكی كوردستان، كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان بو هەرێم لە دەستیدا.

لەبارەی وتەکانی محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود كه‌ ڕایگه‌یاندبو، "هه‌ركاتێك بمانه‌وێت كار به‌ تاپۆ ڕه‌شه‌كه‌ (ڕیفراندۆم) ده‌كه‌ین"، ئارێز عه‌بدوڵا باسی لەوەکرد، "ئه‌و قسانه‌ قسه‌ی سیاسی زۆر سه‌رزاره‌كین، ئێمه‌ گه‌لێكین گه‌لی كوردستان له‌سه‌ر خاكی خۆمان ده‌ژین ئه‌و خاكه‌ی كه‌ پێی ده‌وترێت كوردستان كه ‌به‌زۆری زۆرداری به‌ عێراقه‌وه‌ لكێنراوه‌، ئه‌وه‌ ره‌وایه‌تی به‌ئێمه‌ ده‌دات كه‌ ئێمه‌ داوای هه‌مو مافێكی خۆمان بكه‌ین به‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تیش نه‌ك پرۆسه‌یه‌كی وه‌كو ریفراندۆم، ریفراندۆم له‌سه‌ر ئه‌و ڕه‌وایه‌تیه‌ی مێژویه‌ی كه‌ خه‌ڵكی كوردستان هه‌یه‌تی زۆر زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌، واته‌ ڕه‌وایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی خۆی بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی خۆی زۆر زۆر له ‌ریفراندۆم گه‌وره‌تره‌".

ئارێز عه‌بدوڵا ئەوەشی خستەڕو، ئه‌و دژی ده‌وڵه‌تی كوردی نیه‌ و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ بڕوای به‌عیراق نیه‌ وه‌ك ده‌وڵه‌ت، له‌و ڕوه‌وه‌ وتی، "عێراق گه‌وره‌ترین درۆی مێژوه‌ شتێك نییه‌ به‌ناوی عێراق، وه‌ك ده‌وڵه‌ت هه‌یه‌، به‌ڵام وه‌ك نیشتیمان شتێك نییه‌ به‌ناوی عێراق، وه‌ك گه‌ل شتێك نییه‌ به‌ناوی گه‌لی عێراق، گه‌لی كوردستانمان هه‌یه‌ و گه‌لی عه‌ره‌بیمان هه‌یه، كوردستانمان هه‌یه‌ و خاكی عه‌ره‌بیمان هه‌یه‌ دو شتی زۆر له‌یه‌كتر جیاوازن، من پێم وایه‌ مافه‌كانی گه‌لی كوردستان هه‌رگیز ده‌سته‌به‌ر نابن تاده‌وڵه‌تی نه‌بێت، به‌ڵام ڕێگاكانی گه‌یشتن به‌ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ جیاوازن".

رونیشیکردەوە، "ئه‌و قسه‌یه‌ (به‌كارهێنانی ریفراندۆم كارت) بۆ بازاڕی ناوخۆیی خۆشه‌ بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌و به‌رپرسیاریه‌تیه‌ مێژویه‌ی كه‌وته‌ ئه‌ستۆی حزبه‌ سیاسیه‌كان، چونكه‌ كورد سه‌ركردایه‌تی سیاسی نییه ‌بۆ خۆدزینه‌وه‌ ده‌ڵێن، به‌ڵێ ئێمه‌ ڕاسته‌ دۆڕاین، به‌ڵام كارته‌كه‌مان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی پێشی ریفراندۆم ئه‌و هه‌مو خه‌بات و تێكۆشانه‌ی كه‌كراوه‌ ئه‌و هه‌مو قوربانییه‌ی دراوه‌ ئه‌و هه‌مو خوێنه‌ی ڕژاوه‌ ئه‌و هه‌مو ده‌رده‌سه‌ریه‌ی كه‌ به‌سه‌ر كوردا هاتوه‌ هیچی به‌هیچ نه‌كردبێت، ته‌نها ئه‌و ریفراندۆمه‌یه‌ ئه‌وه‌ بۆ خۆدزینه‌وه‌یه‌ له‌و به‌رپرسیاریه‌ته‌ مێژویه‌یه‌ كه‌ له‌ئه‌ستۆی ئه‌و به‌رپرسانه‌یه‌ كه‌بڕیاری ریفراندۆمیاندا".

ئارێز عه‌بدوڵا دەشڵێت، "من وتومه‌ ریفراندۆم كارێكی باشه‌، به‌ڵام كاتی ده‌ستنیشانكراو بۆ ریفراندۆم زۆر نه‌گونجاو بو، كاته‌كه‌ی زۆر زۆر نه‌گونجاوبو هه‌لومه‌رجه‌كان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌به‌رژه‌وه‌ندی سه‌ركه‌وتنی ریفراندۆم نه‌بون، له‌و كاته‌ ناله‌باره‌دا ئه‌و بڕیاره‌ درا من یه‌كێك بوم له‌ وانه‌ی كه‌ ده‌نگمداوه‌ به‌ ریفراندۆم بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك وا تۆمه‌تبارم نه‌كات، له‌ هه‌مو چاوپێكه‌وتنه‌كانمدا وتومه‌ هه‌لومه‌رجی ریفراندۆم له‌بار نییه،‌ به‌ڵام كاتێك كه‌ هاته‌ سه‌ر بڕیاردان من ناتوانم ده‌نگ بۆ ده‌وڵه‌ت نه‌ده‌م خۆم بڕوام به‌وه‌یه،‌ كه‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت ناتوانم دژی بوه‌ستمه‌وه‌، نایشارمه‌وه‌ ده‌نگم به‌ به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی (ده‌وڵه‌تی كوردی) له‌ڕیفراندۆمه‌كه‌ی 25/09دا به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجه‌كه‌ نه‌بوم، واته‌ له‌گه‌ڵ بڕیاره‌ گشتیه‌كه‌ بوم كه‌بو به‌بڕیارێكی نیشتیمانی نزیكه‌ی كۆده‌نگیه‌كی له‌سه‌ر دروستبو".

وتیشی، "یه‌كێك بوم له‌و نۆ په‌رله‌مانتاره‌ی عێراق كه‌ له‌ناو په‌رله‌مان كۆمیته‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر داناین و ڕوبه‌ڕوی دادگایان كردینه‌وه‌ ئه‌گه‌ر دواتر لێخۆشبونێك نه‌بوایه‌ یاخود ئه‌گه‌ر چاوخشاندنه‌وه‌یه‌ك نه‌بوایه‌ به‌بڕیار و سیاسه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌ت، ئه‌وا ئێمه‌ ئه‌و نۆ كه‌سه‌ به‌ قورسترین مادده‌ی یاسایی سزا ده‌دراین، وه‌كو خائینی نیشتیمانی له‌قه‌ڵه‌م ده‌دراین، كه‌ سزاكه‌مان ده‌گه‌یشته‌ ڕاده‌ی له‌ سێداره‌دان، من په‌شیمان نیم له‌وه‌ی كه‌ ده‌نگم داوه‌، ئێستاش ئه‌گه‌ر ڕێكخراوێكی مه‌ده‌نی بێت له‌سه‌ر ئه‌و جاده‌ بڵێت ده‌نگ ده‌ده‌ی ده‌نگ به‌سه‌ربه‌خۆیی ده‌ده‌م".

هه‌روه‌ها جه‌ختی لەوەکردوە، "به‌هیچ جۆرێك ریفراندۆم وه‌ك كارتی فشار به‌كارنایه‌ت، ته‌نها بۆ به‌كارهێنانی ناوخۆییه‌ بۆ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌ خۆڵ كردنه‌ چاوی خه‌ڵكه‌ ئه‌گه‌رنا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ریفراندۆم گورزی كوشنده‌ی له‌خه‌ونه‌كانی گه‌لی كوردستاندا، مه‌گه‌ر هه‌لومه‌جی ده‌ولی و هه‌رێمایه‌تی بگۆڕدرێت ئه‌گه‌رنا كوردی له‌و خه‌ونه‌ زۆر زۆر دورخسته‌وه‌، ده‌بێت ئه‌و ڕاستیانه‌ دانی پێدابنێین، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ی ڕاست بگرینه‌به‌ر و میلله‌ته‌كه‌مان توشی هه‌ڵدێری تر نه‌به‌ین ئه‌و خه‌ونه‌ی كه‌هه‌مان بو، ئه‌و هه‌مو خه‌بات و خوێنه‌ی كه‌ دیمان به‌و پرۆسه‌یه‌ی كه‌ ناوی نرا ریفراندۆم له‌ كاتێكی نه‌گونجاودا به‌بڕیارێكی نه‌گونجاو، ته‌نانه‌ت بڕیاره‌كه‌شی نا شه‌رعی بو، په‌رله‌مانێك كه‌ په‌كخرابو بۆ شه‌رعیه‌تدان به‌ بڕیارێكی ناڕاست خرایه‌وه‌ گه‌ڕ ئه‌و بڕیاره‌ درا ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌ بو كه‌ بینیمان هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ حه‌مرین بو مه‌نده‌لی له‌ ده‌ستی كوردبو به‌شێكی موسڵ له‌ده‌ست كورد بو".

ئارێز عه‌بدوڵا كه‌ ئه‌وكات سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی بو لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد چییان به‌لایه‌نی كوردی وتوه‌ له‌به‌غدا و له‌و ڕوه‌وه‌ ده‌ڵێت، "حكومه‌تی عێراقی پێش ریفراندۆم هه‌مو هه‌وڵێكیاندا به‌چی ڕازی ده‌بین ئه‌وان ده‌یكه‌ن من یه‌كێك بوم له‌وانه‌ی كه‌ سه‌ركرده‌ عێراقیه‌كان له‌گه‌ڵم دانیشتون، وتیان دو ساڵ ریفراندۆمه‌كه‌ دوابخه‌ن با كاك مه‌سعود بارزانی بێت له‌ به‌غدا گفتوگۆ ده‌كه‌ین، له‌سه‌ر شێوازی حكومڕانی عێراق بۆتان ئیمزا ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی ئه‌و دو ساڵه‌دا بڕوای هه‌ردولامان هات كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌ڕێوه‌به‌رین و به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ فیدڕاڵیه‌ی كه‌ له‌ده‌ستوردا هاتوه‌ جێبه‌جێی بكه‌ین و مادده‌ی 140 و مادده‌كانی تر جێبه‌جێ بكه‌ین، ئه‌وا زۆرباشه‌ ئه‌گه‌رنا بۆتان ئیمزا ده‌كه‌ین دوای دو ساڵ ئێوه‌ حه‌قی خۆتانه‌ جیاببنه‌وه‌ ئاماده‌ییان هه‌بو به‌بێ كه‌ركوك ریفراندۆم بكرێت و دانی پێدا بنێن".

لەبارەی روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، ئارێز عەبدوڵا وتی، "ئه‌گه‌ر ریفراندۆم نه‌بوایه‌ گوێڕایه‌ڵی ئه‌مریكا و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و یه‌كێتی ئه‌وروپا بوینایه‌ ئه‌و كاته‌ ئه‌گه‌ر گوێڕایه‌ڵی هه‌ندێك له‌ دۆسته‌كانمان بوینایه‌ له‌ناو عێراق ریفراندۆمه‌كه‌مان ته‌نها دوابخستایه‌ هیچ پاسا و و بیناویه‌ك نه‌بو بۆهاتنی سوپای عێراق بۆ ئه‌و ناوچانه‌ بۆ داگیر كردنه‌وه‌ی، له‌كاتێكدا سوپای عێراق ئه‌و كاته‌ له‌ هه‌مو كاته‌كانی تر به‌هێز تر بو، ئه‌وه‌ هۆكاره‌كه‌ی بو، 16 ئۆكتۆبه‌ر هاتنه‌وه‌ی سوپای عێراقه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌، سوپای عیراق بۆ هاته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك؟ شه‌نگال، مه‌خمور، به‌ڵام هی كه‌ركوكیان كردوه‌ به‌ كراسی عوسمان نایبڕنه‌وه‌ بۆ هاته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك ئه‌ی منیش پرسیار ده‌كه‌م، ئه‌ی بۆ سوپای عیراق هاته‌ شنگال بۆ هاته‌ مه‌خمور؟ ئه‌ی بۆ هاته‌ دبز؟ بۆ هاته‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا؟ هه‌موی گرته‌وه‌ به‌بێ ته‌قه‌و به‌بێ شه‌ڕ كێ لێی به‌رپرسیاره‌؟".

ئەوەشی وت، "ئه‌وه‌ به‌شێكی زۆری كوردستان توركیا داگیری كردوه‌ كه‌س نییه‌ پێی بڵێت له‌ پشتی چاوت دو برۆ هه‌یه‌ ئه‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌ باسی سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ن فه‌رمون با به‌رگری له‌ خاكی كوردستان بكه‌ن، با به‌رگری له‌و خاكه‌ بكه‌ن كه‌ ئێستا ده‌وڵه‌تی توركیا داگیری كردوه‌ له‌ بادینان، ڕۆژ به‌رۆژ دێته‌ پێش و خه‌ریكه‌ به‌ره‌و سلێمانیش دێت نازانم ئه‌وانه‌ به‌چی ده‌وڵه‌ت ڕاده‌گه‌یه‌نن، ئه‌ی دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر بۆ ده‌وڵه‌تیان رانه‌گه‌یاند ئه‌وانه‌ی قسه‌ی له‌و جۆره‌ ده‌كه‌ن! نه‌خێر به‌بۆچوونی من كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌دادگایه‌كی گه‌وره‌ی نیشتیمانی له‌كوردستان پێك بێت بۆ دادگایی كردنی هه‌مو ئه‌وانه‌ی بڕیاری ریفراندۆم یاندا، بۆ دادگایی كردنی هه‌مو ئه‌وانه‌ی بونه‌ هۆكاری شكستی هه‌رێمی كوردستان".

لەوەڵانی ئەو پرسیارەی وه‌ك خۆت ده‌ڵێی دادگا پێكهات بۆ دادگایی كردنی ئه‌وانه‌ی بڕیاری ڕیفراندۆمیان دا سه‌ركرده‌ی حیزبه‌كه‌ی خۆشتی تێدابو، هه‌روه‌ها خۆشت به ‌به‌ڵێ ده‌نگت داوه‌ ئایا ئێوه‌ ده‌چنه‌ ئه‌و دادگایه‌ی خۆت داوای ده‌كه‌یت؟ ئارێز عه‌بدوڵا وتی، "هه‌رچه‌نده‌ هه‌لومه‌رجی كوردستان له‌وه‌ نییه، به‌ڵام من ئومێد ده‌كه‌م رۆژێك بێت دادگایه‌كی نیشتیمانی گه‌وره‌ بێت و بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بدات له‌سه‌ر ریفراندۆم و هۆكاره‌كانی شكستی ریفراندۆم".

ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ئه‌وه‌شی وت، "ئومێد ده‌كه‌م دادگایه‌ك دابمه‌زرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌و بابه‌ته‌ بكۆڵێته‌وه‌ ئه‌و بڕیاره‌ بۆ درا؟ وه‌ كێ هۆكاری شكستی ریفراندۆم بوه‌؟! هه‌ركه‌سێك هۆكاری شكستی ئه‌نجامه‌كانی ڕیفراندۆم بوبێت پێویسته‌ قورسترین سزا بدرێت".

راشیگەیاند، "16 ئۆكتۆبه‌ر كه‌ هێرشی عێراق هات، 14ی مانگ فوئاد مه‌عسوم وه‌كو سه‌رۆك كۆمار هات له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان له‌ دوكان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی حیزبه‌كان دانیشت، ئه‌و كاته‌ ئه‌م‌ریكا و عێراقیش ڕازی بون هێزی عێراقی به‌بێ شه‌ڕ بگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ی وه‌ن، له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ سه‌ركردایه‌تیه‌كی هاوبه‌ش له‌ كه‌ی وه‌ن واته‌ له‌ كه‌ركوك دابمه‌زرێت، واته‌ به‌ هاوبه‌شی حه‌شد و هێز و پێشمه‌رگه‌ ئه‌و ناوچانه‌ بپارێزرێت ئه‌وه‌ سه‌ركرده‌كانی كورد بون دوای ئه‌وه‌ش به‌وه‌ رازی نه‌بون".
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×