وەزیری ئاوەدانکردنەوە: قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی هێڵی ئاسن دەستپێدەکەین
  2020-09-22       602       
دانا عه‌بدولكه‌ریم
وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ لەداهاتویەکی نزیکدا قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی هێڵی ئاسن دەستپێدەکەن.

ئاوێنه‌: له‌راگه‌یه‌نراوی‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌دا هاتووه‌، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن پێشوازی لەخوان خۆسێ ئیسکۆبار، باڵیۆزی ئیسپانیا لەعێراق و وەفدێکی یاوەری کردو پڕۆژەی دروستکردنی هێڵی ئاسن لەهەرێمی کوردستان و بەشداریکردنی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە لەو بوارەدا تاوتوێکرا.

دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن تیشکی خستەسەر پلان و بەرنامەی وەزارەتەکەی و رایگەیاند، چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە پلان و بەرنامەماندایە لەوانە؛ هێڵی شەمەندەفەر و تونێل و رێگای خێرا (Expressway)، هاوکات ئیسپانیاش وڵاتێکی گەورەو خاوەن ئەزمونەو سوپاسی کردن بۆ هەوڵەکانیان بەمەبەستی خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە بواری دروستکردنی هێڵی ئاسن.

هەروەک جەختی کردەوە "دروستکردنی هێڵی ئاسن یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژیەکانی وەزارەتەکەیان و دەمانەوێت ئەم پڕۆژەیە لە هەرێمی کوردستان بکەنە ئەمری واقع و سێ ئاست لە خۆدەگرێت، وەک قۆناغی یەکەم و لە داهاتویەکی نزیکیشدا، دەستبکەین بە ئامادەکردنی (feasibility study)ی پڕۆژەکە، لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەک کۆمپانیای ئەوروپی ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە، هاوکات خۆشحاڵین بەوەی کە ئیسپانیاو کۆمپانیاکانی ئەم وڵاتەش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە لەم بوارەدا، کە خاوەن ئەزمون و شارەزایین لەو بوارەدا".

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، لەدیدارێکدا باڵیۆزی ئیسپانیا ئامادەیی کۆمپانیا ئیسپانیەکانی دەربڕی بۆ رۆڵ بینین و کارکردن لەئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان بەتایبەت دروستکردنی رێگای خێرا و هێڵی شەمەندەفەر.

باڵیۆزی ئیسپانیا ئاماژەی بەوەکرد، دەیانەوێت ئەولەویەتی پڕۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بزانن، هاوکات ئامادەیی کۆمپانیاکانی وڵاتی ئیسپانیای دەربڕی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی هێڵی ئاسن لە هەرێمی کوردستان و هاوکاریکردنی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بۆ جێبەجێکردن و تا رادەی دابینکردنی خەرجی پڕۆژەکەش، لەمڕوەوە وتویه‌تی‌، "وڵاتەکەمان لە بواری دروستکردنی هێڵی ئاسنین شارەزایی و ئەزمون و توانای بەرچاویان هەیەو دەمانەوێت ئەو شارەزایی و ئەزمونە لە جێبەجێکردنی هێڵی ئاسن لە هەرێمی کوردستان بخەینەگەڕ و یەکێک لە باشترین کۆمپانیاکانی جیهان کە ئیسپانیە هێڵی ئاسنین دروستبکات".

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×