روسیا: ئه‌مریكا کار لەسەر ئاراستەی جیابونەوە دەکات له‌سوریا
  2020-09-22       726       
سێرگی لاڤرۆڤ
له‌ئاماژه‌یه‌كدا بۆ ڕۆژئاوای‌ كوردستان، وەزیری دەرەوەی روسیا ده‌ڵێت، ئه‌مریكا له‌رۆژهەڵاتی روباری فورات-سوریا کار لەسەر ئاراستەی جیابونەوە دەکات، ئه‌وه‌ش نیگەرانی تورکیا، سوریا، عێراق‌و ئێرانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

ئاوێنه‌: له‌چلوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی‌ العربیه‌، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا باسی‌ له‌دۆخی‌ سوریاو ڕۆژئاوای‌ كوردستان كردو ڕایگه‌یاند، ئەمریکا بەشێوەیەکی ناسایی لەرۆژهەڵاتی روباری فورات سەربازی هەیە، به‌ره‌و كۆنترۆڵكردنی‌ بیره‌نه‌وته‌كان ده‌چێت، لەهەمانکاتدا واشنتن کار لەسەر ئاراستەی جیابونەوە دەکات، ئه‌وه‌ش جێی‌ نیگه‌رانییه‌.

ئاماژەی‌ بەوەشكرد، کاتێك ئەمریکا هانی جیابونەوە دەدات‌و کار لەسەر بەهێزکردنی ئاراستەی جیابونەوەش دەکات، ئەو کاتە دەکرێت تەواوی ناوچەکە بتەقێتەوەو تێکبچێت. 

سێرگی لاڤرۆڤ وتیشی‌، هەنگاوەکانی ئەمریکا لەبارەی رۆژئاوای کوردستانەوە تەنیا جێگەی نیگەرانیی تورکیاو سوریا نین، بەڵکو جێگەی نیگەرانیی عێراق‌و ئێران-یشن کە ژمارەیەکی زۆر کوردیان تێدا دەژی.

وەزیری دەرەوەی روسیا وتی‌، ئەو هەنگاوەی ئەمریکا جێگەی نیگەرانیی ڕاسته‌قینه‌ی‌ مۆسكۆیه‌، چونکە واشنتن سەروەری‌و یەکپارچەیی سوریای لەبەرچاو نەگرتووە. 

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×