دەستەی دەستپاکی عێراق: ٨٧ کەس بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون
  2020-09-23       657       
دەستەی دەستپاكی لە عێراق: “لە میانی ئەو هەڵمەتانەی كە تیمەكانمان بەشێوەیەکی مەیدانی لە میانی سێ مانگی رابردوودا ئەنجامیانداوە، 85 كەس بەتۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی دەستگیركراون و 27 ملیار و 400 ملیۆن دینار گەڕێندراوەتەوە گەنجینەی دەوڵەت”.

ئاوێنە: فەرمانگەی لێكۆڵینەوەكان لە دەستەی دەستپاكی لە عێراق لە راگەیەندراوێكدا وردەكاری ئەو هەڵمەتانەی خستووەتەڕوو و رایگەیاندووە كە لە یەكی ئایار تا 31ی تەمووزی ئەمساڵ، تیمەكانیان 97 هەڵمەتیان لە بەغدا و ژمارەیەك پارێزگای دیکە بە ئامانجی راوەدوونانی گەندەڵكاران ئەنجامداوە كە لە میانیدا، 85 كەس بەتۆمەتی تێوەگلاون لە گەندەڵی دەستگیركراون.

لە راگەیەندراوەکەدا روونكراوەتەوە كە تیمەكانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی لێكۆڵینەوەكانی بەسرە لەو ماوەیەدا، 20 هەڵمەتیان ئەنجامداوە كە لە میانیاندا دەستیانگرتووە بەسەر 110 مامەڵەی ساختەی خانووبەرەی میری كە بەهاكەیان پێنج ملیار دینار بووە.

ئەوەیش خراوەتە روو كە تیمەكانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی لێكۆڵینەوەی نەینەوا لە میانی سێ مانگی رابردوودا، 10 هەڵمەتیان بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئەنجامداوە و لە میانی ئەو هەڵمەتانەدا، تۆمەتبارێك دەستگیركراوە كە دوای ناساندنی خۆی وەك كەسی یەكێك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگای نەینەواوە كردووە، جگە لەوەیش ژمارەیەك فەرمانبەری فەرمانگەی تەندروستیی نەینەوا بەتۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی دەستگیركراون، هەروەها دەستبەسەر ژمارەیەك سەنەدەی پارەدا گیراوە كە تایبەتبوون بە بوودجەی بەكاربردن كە بەپێچەوانەی یاسا خەرجكراون و راگرتنی خەرجكردنی مووچەی خانەنشینكراون بە كارتی (كی كارد) و ناچاركردنی خانەشینكراون لەوەی كارتەكانیان بە كارتی نوێ بگۆڕن، ئەوەیش بە ئامانجی بڕینی پارەكانیان بەپێچەوانەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 270 و رێنماكانی بانكی ناوەندی.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە “هەر لەو ماوەیەدا دەست بەسەر 147 مامەڵەی خانەشینی ساختەی تایبەت بە قوربانییانی تیرۆر لە دەستەی خانەنشینی نیشتمانیی لقی ئەنبار كە بەهاكەیان 10 ملیار دینار بوو گیراوە، هەروەها دەستبەسەر مۆڵەتێكی سەختەدا گیراوە كە بۆ وەرگرتنی قەرز بە ئامانجی وەبەرهێنان لە نەجەف كە بەهاكەی حەوت ملیار دینار بووە درابوو، جگە لەوەیش دەستبەسەر مۆڵەتێكی ساختەدا گیراوە كە بۆ وەرگرتنی پێنج ملیار دینار بۆ كاری خانووبەرە درابوو”.

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا فەرمانگەی لێكۆڵینەوەكان لە دەستەی دەستپاكی باسی لەوەكردووە كە لە چوارچێوەی چالاكی تیمەكانی مەیدانی تایبەت بە كەرتی تەندروستی، گەندەڵی لە گرێبەستی كڕێنی ژمارەیەك ئامێری پشكنین و دەستنیشانكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) كە بەهاكەی 400 ملیۆن دینار بوو و فەرمانگەی تەندروستیی كەركووك واژووی كردووە ئاشكراكراوە، جگە لەوەیش ژمارەیەك تۆمەتبار كە دەستیان بەسەر ژمارەیەك زەوی و خانووبەری میریدا گرتبوو لە كەركووك دەستگیركراون.

‌هه‌ر به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌، له‌ ده‌زگای خانه‌نشینی نیشتیمانی له‌ پارێزگای ئه‌نبار ده‌ست به‌سه‌ر 147 مامه‌ڵه‌ی خانه‌نشینی ساخته‌ گیراوه‌، كه‌ كۆی گشتی 10 پاره‌كانیان 10 ملیار دینار بو، هه‌روه‌ها ده‌ست به‌سه‌ر حه‌وت ملیار دیناری دیكه‌شدا گیراوه‌ كه‌ به‌بێ هیچ دڵنیاییه‌ك قه‌رزكراوه.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×