سائیرون: پێویستە هەڵبژاردنی داهاتوو لەژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بەڕێوەبچێت
  2020-09-23       330       
فراكسیۆنی سائیرون لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق: “لەگەڵ ئەوەداین، فرەبازنەیی لە یاسای هەڵبژاردنەكاندا دیاریی بكرێت”.

ئاوێنە: فراكسیۆنی سائیرون لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنەكان ئاشکرا کرد و راگەیاند كە لەگەڵ ئەوەدان، فرەبازنەیی لە یاسای هەڵبژاردنەكاندا دیاری بكرێت.

لەمبارەیەوە ئەندامی فراكسیۆنی سائیرون، سەلام شممەری لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە نابنە ئاستەنگ لە بەردەم تێپەڕاندنی یاسای هەڵبژاردنەكان و وتی،”پێویستە فرەبازنەیی لە یاسای هەڵبژاردنەكاندا دیاریی بكرێت و هەڵبژاردنی داهاتوو بە سیستەمی بایۆمەتری بەڕێوەبچێت بۆ ئەوەی پاك و بێگەردی لە پرۆسەكەدا دەستەبەر بێت”.

سەلام شممەری داوای لە حكوومەتی عێراق كرد كە پەلە بكات لە دەركردنی كارتی بایۆمەتری بۆ ئاوارەكان و ئەو هاووڵاتییانەی عێراق كە لە وڵاتانی دەرەوە نیشتەجێن و راشیگەیاند كە پێویستە هەڵبژاردنی داهاتوو لەژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بەڕێوەبچێت.

سائیرون كە لەلایەن سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر پاڵپشتی دەكرێت لە كۆی 329 كورسی خاوەن 54 كورسییە.

دوێنێ‌ سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی داوای لە فراكسیۆنەكان كردبوو كە لە دانیشتنی رۆژی شەممەی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەراندا ئامادەبن و یەكێك لە خاڵەكانی كارنامەی دانیشتنەكە، تەواوكردنی پرسی بازنەی هەڵبژاردنەکان دەبێت.

لەئێستادا گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت پرۆژەیاسای نوێی هەڵبژاردنەكانە كە لە ساڵی رابردووەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە و بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانەوە لەسەر ناوەڕۆكی پڕۆژەیاساكە بە تایبەتیش فرەبازنەیی، تا ئێستا پەسەند نەكراوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×