زانكۆی سلێمانی رایگەیاند، رۆژی یەكشەممە 4/10/2020، یەكەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندن دەبێت بۆ خوێندنی بەكالۆریۆس لە زانكۆكەیان بەشێوازی خوێندنی ئەلیكترۆنی بۆ ماوەی شەش ھەفتە، پاشان خوێندن بەشێوازی ئاوێتە بەردەوامی پێدەدرێت.
ئاوێنە: زانكۆی سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"ئەمڕۆ ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی لە کۆبونەوەی ئاسایی خۆیدا بە ڕەچاوکردنی پەتای کۆرۆناو پاراستنی تەندروستی خوێندکاران و دابینکردنی پێداویستی بەشە ناوخۆییەکان، پاش جەختکردنەوە لەسەر شێوازی خوێندنی ئاوێتە بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١)، بڕیاریدا کە رۆژی (یەکشەممە) رێکەوتی (٤-١٠-٢٠٢٠) یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندن بێت بۆ خوێندنی بەکالۆریۆس لە زانکۆکەمان."
ئەوەشی خستۆتەڕو كە دەستپێكردنی خوێندن "بەشێوازی خوێندنی ئەلیکترۆنی دەبێت بۆ ماوەی ٦ ھەفتە، پاشان دواتر بەپێی تایبەتمەندی وانەو کۆلێجەکان خوێندن بەشێوازی (ئاوێتە) بەردەوامی پێدەدرێت."