بڕیاری كۆتایی لەبارەی ناردنی نەوتی سپی بۆ هەرێم درا
  2020-09-23       1013       

وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاری كۆتاییدا بۆ ناردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ پارێزگاكانی هەرێم و لە بڕیارەكەشدا پشكی هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانی دیاریكردوە.

ئاوێنە: غالب محەمەد، پەرلەمانتاری گۆڕان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی وێنەیەكی بڕیارەكەدا، رایگەیاندوە: دوای ئەوە ڕەزامەندی وەزیری نەوت و بریكاری وەزیری نەوتی عێراق لە سەر داواكاری بەندە بۆ هەناردەكردنی  زیاتر لە (٥٠) ملیۆن لتر نەوتی سپی بۆ شەش ناوچەی هەرێمی كوردستان درا، ئێستا فەرمانی كوتایی دەرچوە بۆ ناردنی ئەو بڕە نەوتە.

بەپێی بڕیارەكە پشكی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لەو بڕە نەوتەی دەنێردرێت بەم شێوەیەیە:

١.پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەرین، 21 ملیۆن و 500 هەزار لیتر دەبێت كە لە یەك رۆژدا زیاتر لە (٢١٦) هەزار لیتر نەوتی سپی بۆ ئەم سێ ناوچەیە دەنێردرێت.

2. پارێزگای هەولێر 15 ملیۆن و 800 لیتر دەبێ كە رۆژانە 144 هەزار لیتر نەوتی سپی بۆ دەنێردرێت.

3. پارێزگای هەڵەبجە پێنج ملیۆن و 250 هەزار لیتر دەبێت كە رۆژانە 36 هەزار لیتری بۆ دەنێردرێت.

4. پارێزگای دهۆك حەوت ملیۆن و 900 هەزار لیتر دەبێت كە رۆژانە (٧٢) هەزار لیتری بۆ دەنێردرێت.

غالب محەمەد ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەو نەوتەی دێت بۆ هەرێمی کوردستان بە نرخی حکومی و بە (١٥٠) دینار دەبێت بۆ هەر لیترێك واتە بۆ هەر بەرمیلێک دەکاتە 31 هەزارو 500 دینار.

ئەو پەرلەمانتارە وتوشیەتی"هیوادارم هەر چوار پارێزگاکە بەو نرخە دابەشی بکەن، نرخەکەی زیاتر نەکەن بەبیانوی جۆراوجۆر لەهەمو حاڵەتێکدا دەبێت نرخی بەرمیلێک  (٣٥) هەزار تێپەڕنەکات بەگواستنەوەشەوە، ئەگەرنا دواتر ئەوان بەرپرسن و ئێمەش ڕێکاری یاسایی دەگرینەبەرو  وەزارەت ئاگاداردەکەینەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×