ئومێد خۆشناو: وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌سه‌رۆکی حکومه‌ت پێویستی به‌ 74 ده‌نگە ئه‌وه‌ش له‌سه‌روی موسته‌حیلاته‌
  2020-09-23       1081       

ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بە هەوڵی پرساندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە، رایگەیاند، وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆكی حكومەت پێویستی بە دەنگی 74 پەرلەمانتارە كە ئەوەش لە سەروی موستەحیلاتە، دەشڵێت: ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مان ناترسین، به‌ڵکو خودانی په‌رله‌مانین. 

ئاوێنە: سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە نوسینێكدا لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك، وتویەتی"پڕۆسه‌ی پرساندن له‌ کاری په‌رله‌مان یه‌کێک له‌ کاره‌ ئاسایی و یاساییه‌کانه‌، له‌ کوردستانیش ڕێکارو پڕۆسه‌ی پرساندن له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆیی په‌رله‌مان ڕێگه‌ی ئسولی و ڕێچکه‌ی په‌یڕه‌ویی خۆی هه‌یه‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و بابه‌ته‌ش وه‌ک زۆر بابه‌تی تری کوردستان خه‌ریکه‌ ده‌شێوێنرێ."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن ده‌سه‌ڵات له‌ په‌رله‌مان ده‌ترسێ، یان هیچ له‌ مانای هێزی زۆرینه‌ ناگه‌ن، یان ئه‌وه‌تا خۆیان و خه‌ڵک ده‌گه‌وجێنن."

وتوشیەتی"هه‌مو لایه‌ک ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌زانن که‌ له‌ پڕۆسه‌ی پرساندن و وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ سه‌رۆکی حکومه‌ت پێویست به‌ ٧٤ده‌نگ له‌ کۆی ١١١ ده‌نگی په‌رله‌مان ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ش هه‌مولایه‌ک ئه‌وه‌ ده‌زانن، ٧٤ ده‌نگ به‌ده‌ستهێنان له‌سه‌روی موسته‌حیلاته‌!."

هەروەها هۆشداری ئەوەشی داوە كە "جگه له‌ سه‌رۆک وه‌زیران، ئه‌ندامانی کابینه‌ پێویستی به‌ ٥٦ ده‌نگ هه‌یه‌، ئه‌و ڕاستیه‌ش هه‌مولایه‌ک ده‌زانن به‌ده‌ستهێنانی ٥٦ ده‌نگ بۆ فراکسیۆنی پارتی یه‌کێک له‌ ساناترین کاره‌کانه‌، به‌ڵام په‌نامان بۆ نه‌بردوه‌و ئه‌گه‌ر ناچاریشمان نه‌که‌ن په‌نای بۆ نابه‌ین."

ئومێد خۆشناو وتوشیەتی"هه‌ڵبه‌ت ستراتیژیه‌تی ئێمه‌ ئه‌وه‌ بوه‌، زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی پارتی له‌ پێناو ئارامی و خۆشگوزه‌رانی و حوکمڕانیه‌کی باش و هاوئاهه‌نگی و هه‌ماهه‌نگی و کاری باش و باشتر سه‌رفبکرێ و هه‌ر واش ده‌که‌ین."

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە "ئاخر ئه‌وه‌ که‌ی لۆژیکه‌، ئێوه‌ ده‌نگی پێویستان له په‌رله‌مان نه‌بێ و ئێمه‌ زۆرینه‌ بین، که‌چی ئێوه‌ به‌ ئێمه‌ بڵێن له‌ په‌رله‌مان ده‌ترسن؟. ئێوه‌و ئێمه‌و خه‌ڵکیش باش ده‌زانین، ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مان ناترسین و به‌ڵکو خودانی په‌رله‌مانین، ئه‌وه‌ ئێوه‌ن وه‌ک که‌مینه‌ ده‌بێ له‌ شکۆ و هه‌یبه‌تی په‌رله‌مان و ڕاستیه‌کان بترسن که‌، هه‌میشه ترساون و له‌به‌رامبه‌ردا ده‌ست و په‌نجه‌تان له‌گه‌ڵ چه‌واشه‌کاری نه‌رمکردوه‌."


 

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×