عێراق: لە گفتوگۆی بەردەوامداین بەمەبەستی لێکتێگەیشتن لەگەڵ تورکیا لەبارەی ئاو
  2020-09-24       443       
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، مەهدی رەشید حەمدانی رایگەیاند، وڵاتەکەی لە گفتوگۆی بەردەوامدایە بەمەبەستی لێکتێگەیشتن لەگەڵ تورکیا لەبارەی ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات.

ئاوێنە: یوەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە مەهدی رەشید حەمدانی لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری لە کۆبوونەوەی وەزاری ناوەندی هەرێمی بۆ کارگێڕی ئاوی هەرێمی کە بارەگاکەی لە تاران پایتەختی ئێرانە کردووە و گوتارێکی پێشکەش کردووە.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوە خراوەتەروو کە جگە لە عێراق، وەزیرانی هەریەک لە وڵاتانی تورکیا، سووریا، ئێران، قەتەر، عومان، هیندستان، کازاخستان، سویسرا، ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی دیکە بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کردووە.

مەهدی رەشید حەمدانی لە گوتارەکەیدا رایگەیاندووە، وڵاتەکەی لە گفتوگۆی بەردەوامدایە بەمەبەستی لێکتێگەیشتن لەگەڵ تورکیا لەبارەی ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات، ئەمەش بەهۆی ئیرادەی سیاسیی و پشتیوانی راستەوخۆی هەریەک لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بووە کە هەردوولا نێردەی تایبەتییان لە بواری ئاوی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵاتدا پێکهێناوە.

وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق هیوای خواستووە کە هەمان نیەتی باش لەنێوان عێراق و ئێرانی هاوسێی هەبێت بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەبارەی ئاوی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵاتدا.

ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات لە رۆژهەڵاتی تورکیاوە هەڵدەقوڵێت و بە خاکی سووریادا تێپەڕدەبێت تاوەکو دەگاتە عێراق و لە ناوچەی قوڕنە باشووری ئەو وڵاتە پێکدەگەن و دەڕژێنە کەنداوی عەرەب.

دیجلە و فورات وەک سەرچاوەی سەرەکی ئاوی عێراق هەژمار دەکرێن و لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا رێژەی ئاو تیایدا کەمی کردووە ئەمەش بەهۆی کەمی دابارینی باران بووە.

عێراق بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و کشتوکاڵ سوود لە ئاوی ئەو دوو رووبارە وەردەگرێت.

تورکیا نەرمی زۆری نواندووە لەبەرامبەر داواکاری بەغدا لەبارەی ئاوی هەردوو رووبارەکە و لەم چوارچێوەیەدا ئەنقەرە لە زیاتر لە جارێک پڕکردنی بەنداوی “ئیلسۆ”ی لەسەر رووباری دیجلە دواخستووە.

مانگی تەمووزی رابردوو، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، مەهدی رەشید حەمدانی رایگەیاند ئاو لە هەردوو رووبارەکەدا لەمساڵدا بەڕێژەی لەسەدا ٥٠ کەمی کردووە.

مەهدی رەشید حەمدانی روونیکردبووەوە، کەمبوونەوەی ئاو لە هەردوو رووبارەکەدا بەهۆی کەمبوونەوەی رێژەی دابارینی باران بووە بەڕێژەی لەسەدا ٥٠ بەراورد بە ساڵی رابردوو.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×