وەزارەتی دارایی عێراق لەوەڵامی حكومەتی هەرێمدا رونكردنەوە لەبارەی لێدوانەكانی وەزیرەكەی دەدا
  2020-09-24       671       

وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت: وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی دەقێكی شێوێنراوی چاوپێكەوتنەكەی وەزیری دارایی عێراقی داوەتەوەو ئەو لێدوانانەی دراونەتە پاڵ وەزیری دارایی عێراق بەهەڵە گوازراونەتەوە.

ئاوێنە: ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممەو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم وەڵامی چەند لێدوانێكی وەزیری دارایی عێراقی دایەوە كە لە چاوپێكەوتنێكدا وتبوی، هەرێمی كوردستان بۆتە سەرچاوەی بەقاچاخبردنی نەوت و هۆكاری زۆربەی ئەو كێشانەیە كە عێراق نەیتوانیوە پابەندبێت بە داخوازییەكانی رێكخراوی ئۆپیك بۆ كەمكردنەوەی نەوت.

وەزارەتی دارایی عێراق، ئەمشەو پێنجشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، وەزارەكەیان راگەیەندراوە رۆژنامەوانییەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان(وەزارەتی سامانە سروشتییەكان)ی بینیوە سەبارەت بە چاوپێكەوتنەكەی ئەم دواییەی وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ رۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمزی لەندەنیدا.  

وەزارەتی دارایی عێراق وتوشیەتی"ئاشكرایە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەداخەوە وەڵامی دەقێكی شێوێنراو و نادروستی چاوپێكەوتنەكەی داوەتەوەو بەوەش بە چەند ئەنجامگیرییەكی هەڵە گەیشتوە."

لە بەیاننامەكەی وەزارەتی دارایی عێراقدا ئەوەش هاتوە"دەقی تەواوەتی چاوپێكەوتنەكەی وەزیری دارایی لە پێگەی یوتیوب هەیە. حكومەتی هەرێمی كوردستان (ئەگەر بگەڕێتەوە سەری) دەبینێت ئەو لێدوانانەی دراونەتە پاڵ وەزیری دارایی بەهەڵە گوازراونەتەوە."

دوێنێ میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردبوەوە كە عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەیەكی بریتانی  رایگەیاندوە، هەرێمی كوردستان هۆكاری سەرەكییە بۆ ئەوەی كە عێراق نەیتوانیوە بە تەواوەتی پابەندی پشكی كەمكردنەوەی نەوت بێت بەپێی رێككەوتنی ئۆپیك پڵەس و هەروەها هەرێمی كوردستان بۆتە سەرچاوەی بەقاچاخبردنی نەوت و رۆژانە 450 بۆ 470 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت بەڵام زانیارییەكی ورد سەبارەت بەو نەوتە نییە كە بە قاچاخ هەناردەی دەكات، چونكە بەقاچاخبردنی نەوت لە هەندێك لە كێڵگەكان هەیە كە بە تانكەر دەبرێت بۆ چەند شوێنێكی دیاریكراو بەبێ ئەوەی بڕەكەی بزانرێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا لەوەڵامی ئەو لێدوانانەدا وتی: بەتوندی بانگەشەكانی ئەم دواییەی وەزیری دارایی عێراق سەبارەت قاچاخی نەوت رەتدەكەینەوەو ئەو بانگەشانە هیچ بنەمایەكیان نییە.

ئەوەشی خستەڕو، دامەزراوەی دیلۆیت وردبینی ژمارەكانی تایبەت بە بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەكات ئەوەش بەشێوەیەكی سەربەخۆ و بڵاوكردنەوەیان بەشێوەیەكی وەرزی و راپۆرتەكانی دیلۆیتیش بۆ زانیاریی رایگشتی ئامادەكراون.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا كە پێویستە حكومەتی فیدراڵیش پەیڕەوی ئەم شێوازەی حكومەتی هەرێم بكات و رێگەبدات لایەنی سەربەخۆ وردبینی بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو، بەكارهاتو و هەناردەكراو بكات و بڵاوی بكاتەوە لەپێناو بەدیهێنانی بەرزترین ئاستی شەفافیەت و بەرپرسیارێتی لەسەر ئاستی عێراق.

بەپێی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای رێككەوتنەكەی ئۆپیك پڵەس، بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی كەمكردۆتەوەو لەئێستادا كۆی گشتی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم ئاستێكی گونجاوە بە بەراورد بە بەشەكانی دیكەی عێراق.

جەختیشی كردەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای مافە دەستورییەكانی و بەردەوامیش دەبێت لەوەی بەرپرسانە مامەڵەبكات لە پەیوەست بە لایەنەكانی چالاكییەكانی نەوت و غازەوە.

وتوشیەتی: ئەم رونكردنەوەیەمان لە چوارچێوەی دۆخی گفتوگۆی هەمەلایەنەی نێوانماندا دەبینین كە ئامانج لێی بەدیهێنانی متمانەیە لە پەیوەندییەكانمانداو هەروەها دەستەبەركردن و رێزگرتنە لە ماف و ئەركی هەردولا بەگوێرەی دەستور.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×