ئەمريكا ماوەى ٦٠ رۆژى ديكەى بە عێراق دا بۆ هاوردەكردنى كارەبا لە ئێرانەوە
  2020-09-25       281       

وەزارەتى دەرەوەى ئەمريكا، ماوەى لێبوردن لەسەر عێراق بۆ دابينكردنى پێداويستى كارەبا بۆ ٦٠ رۆژی دیکە درێژکردەوە.
 
ئاوێنه‌: وەزارەتى دەرەوەى ئەمريكا، لە راگەیەنراوێکدا بڕيارەكەى ئاشكراكرد و داواى لە حكوومەتى عێراق كرد كە لە بوارى وزەدا پەيوەستبوونى بە ئێرانەوە كەمبكاتەوە.

لە روونكردنەوەكەدا، ئاماژە بەوە كراوە كە ئەمريكا لە چوارچێوەى ئەو سزايانەى كە لەسەر ئێران جێبەجێيكردووە، ماوەى لێبوردن لەسەر عێراق بۆ دابينكردنى پێداويستى كارەبا بۆ ٦٠ رۆژی دیکە درێژکردووەتەوە.

بەرپرسێكى وەزارى كە لێدوانى بۆ مێدياكانى ئەمريكا داوە و نەيويستووە ناوى ئاشكرابكرێت وتوويەتى، “ئەم لێبوردنە، بۆ دابينكردنى پێداويستى عێراقە لە وزە بەڵام ئامانج لێى كەمكردنەوەى پەيوەستبوونە بە وزەى ئێرانەوە”.

بەرپرسەكە، لە بارەى ئەو ماوەيەى كە دراوە وتى، “لەو بڕوايەداين حكوومەتى عێراق لە ماوەى ٦٠ رۆژدا دەتوانێت لە بوارى وزەدا هەنگاوى باش بنێت بە ئاراستەى دابينكردنى تواناى خۆى لە بوارەدا”.

لە دواى كشانەوەى ئەمريكا لە رێككەوتنى ئەتۆمى لەگەڵ ئێران ئەو وڵاتە زنجيرەيەك سزاى ئابوورى خستە سەر ئێران و رايگەياند كە هەمان سزا دەخاتە سەر ئەو وڵاتانەى هەماهەنگى لەگەڵ ئێران دەكەن.

ئيدارەى ترەمپ، بەهۆى ئەوەى عێراق دراوسێى ئێرانە و لە بوارى وزەدا پەيوەستە بەو وڵاتە جۆرێك لە لێبوردنى لەگەڵ عێراق جێبەجێكردووە، سەرەتا ئەم ماوەيەى بە ١٢٠ رۆژ دياريكردبوو و لەگەڵ کۆتاییهاتنی وادەکە بۆ سێجار درێژکراوەتەوە کە دوایینجاریان ئەمەی ئێستایە کە ٦٠ رۆژە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×