وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێم رایگەیاند، خولەکانی تەواوکاری و فێرکاری زمانی ئینگلیزی بە شێوەی ئۆنلاین لە زانكۆكانی كوردستان دەستپێدەکاتەوە.
ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا وتی: پاش ئەنجامدانی چەندین کۆبونەوە بە سەرپەرشتی د. محەمەد حسێن، سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى و سەرۆکى لێژنەی پێداچونەوە بە مەرج و رێنماییەکانی سەنتەرەکانی زمان، بە مەبەستی دانانی ڕێکاری پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی خولەکان بە پاراستنی کوالێتی و ڕێوشوێنی گونجاو و رەچاوکردنى ڕێکارە تەندروستیەکان، بڕیاردرا بە دەستپێکردنەوەى خولەکانی تەواوکاری و فێرکاری بەشێوەى ئۆنڵاین.
ئاماژەی بەوەشداوە كە بۆ ئەم مەبەستە ڕۆژی یەکشەممە (٢٠٢٠/٩/٢٧) ناونوسین لە گشت سىەنتەرەکانى فێربونى زمانى ئینگلیزیی زانکۆکانى کوردستان بۆ هەردو خولەکە دەستپێدەکات، تا ڕۆژی دو شەممە (٢٠٢٠/١٠/٥) بەردەوام دەبێت.
ئەوەشی خستۆتەڕو: دواى پەسەندکردنی ناوەکان لەلایەن وەزاەرت و رێکخستنی خشتەی وانەکان، خولەکان لە ڕۆژی یەکشەممە (٢٠٢٠/١٠/١٨) بە شێوەی ئۆنلاین دەستپێدەکات.
لەكۆتاییشدا ئاماژەی بەوەداوە كە رونکردنەوەی زیاتر لەبارەى پرۆسەی ناونوسین و ڕێکارەکان لەلایەن سەنتەرەکانى زمان لە زانکۆکان بڵاو دەکرێتەوە.