كازمی پشتیوانی خۆی بۆ پێشنیارەكەی سەدر راگەیاند
  2020-09-25       810       

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پشتیوانی خۆی بۆ پێشنیارەكانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر راگەیاند ئەوەش بە پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەو پێشێلكارییانەی كە ئاسایشی عێراق دەكەنە ئامانج.

ئاوێنە: مستەفا كازمی، ئەمڕۆ هەینی، لە تویتێكدا رایگەیاند، پشتیوانی لە پێشنیارەكانی موقتەدا سەدر دەكەین بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی ئەمنی و سەربازیی و پەرلەمانی بۆ لێكۆڵینەوە لەو پێشێلكارییانەی كە ئاسایش و شكۆ و پابەندییە نێودەوڵەتییەكانی عێراق دەكەنە ئامانج.

سەرۆك وەزیرانی عێراق راشیگەیاندوە كە دەستی یاسا باڵاترە لە دەستی ئەوانەی لە یاسا دەرچون و وتوشیەتی: لە عێراق جێی هاوپەیمانی نێوان گەندەڵی و چەكی لەیاسادەرچو نابێتەوە.

موقتەدا رێبەری رەوتی سەدر، داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی كردبو، لە پێناو ئاشكراكردنی ئەو كەس و لایەنانەی كە دیپلۆماتكاران و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و دامەزراوە حكومییەكان لە ناو خاكی عیراقدا دەكەنە ئامانج و تەئكیدیشیكردبوەوە: پێویستە سەرجەم ئەو لایەنانەی لە پشت ئەو كارانەوەن بۆ رایگشتی ئاشكرا بكرێن.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×