هەولێر..چەند كەسێك هەڵدەكوتنە سەر ماڵێك و كەسێك دەكوژن
  2020-09-26       898       

شەوی رابردو لە گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێر چەند کەسێک هەڵدەکوتنە سەر ماڵێک و دەستڕێژی گوللـەیان لێدەکەن، گەنجێک دەکوژن و دو کەسی دیکەش بریندار دەکەن، بەوتەی کەسوکاری کوژراوەکە تۆمەتبارەکان هەڵاتون.

ئاوێنە: مەلا محەمەد حاجی سەباح، سەرۆکی رێکخراوی دیداری ئاشتی و کەسوکاری کوژراوەکە، بە "روداو"ی راگەیاند، روداوەکە سەعات 12:00ـی شەوی رابردو رویداوە، چەند چەکدارێک هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو خزمەیان و بە چەکی کڵاشنیکۆڤ، تاپڕو ساچمە تەقەیان لێکردون.

بەهۆی ئەو روداوەوە کوڕێکی ماڵەکە بەناوی بارزان حسێن، کە تەمەنی 24 ساڵەو چەند مانگێکە هاوسەرگیری کردوە کوژراوە، دو کەسی دیکەش کە یەکێکیان کەسوکاری کوژراوەکەو ئەوەی دیکەیان دراوسێیانە بریندار بون.

بەوتەی مەلا محەممەد، "بنەماڵەی بارزان حسێن بنەماڵەیەکی کاسبن و هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتییان لەگەڵ چەکدارەکان نەبوەو نەیانناسیون."

وتیشی"ئەو چەکدارانە زیاتر لە پێنج کەس بون و وەکو گروپێکی مافیایی لەو گەڕەکە بەردەوام کێشەو ئاژاوەیان ناوەتەوە، ئەو شەوەش بەناوی کۆترو باڵندەکوشتن چونەتە نێو ماڵەکانی گەڕەکەکە و چەند کۆترێکیشیان پێبوە"، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەو یەکێکیان کوشتوەو دو کەسی دیکەشیان بریندار کردوە، دوای روداوەکەش هەڵاتون. هێزە ئەمنییەکان چونەتە شوێنی روداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردوە، "بنەماڵەی کوژراوەکەش سکاڵایان تۆمار کردوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×