ساڵی‌ نوێی‌ خوێندن له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ستیپێكرد
  2020-09-27       369       
ساڵی‌ نوێی‌ خوێندن له‌هه‌رێمی‌ كوردستان به‌هۆی‌ مه‌ترسییه‌كانی‌ بڵاوبونه‌وه‌ی‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆناوه‌، به‌ته‌نها له‌قۆناغی‌ 12ی‌ ئاماده‌یی ده‌ستیپێكردو مەسرور بارزانی-یش ده‌لێت، بەپێی پێداویستییەکان ئەو بەڵێنانەی داویانە جێبەجێی دەکەن.

ئاوێنه‌: ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه‌، بەئامادەبونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی‌ حكومه‌تی‌ هەرێمی کوردستان‌و وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌، لەیەکێک لەقوتابخانەکانی بەحرکەی شاری‌ هەولێر، زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن بۆ قۆناغی 12ی ئامادەیی لێدرا.

مەسرور بارزانی لەوتارێكدا رایگەیاند، بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانی قوتابیان‌و مامۆستایان لەڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیاردراوە بۆ قۆناغەکانی خوێندن جگە لە 12ی ئامادەیی میکانزیمی خوێندنی ئەلیکترۆنی پەیڕەو بکرێت.
 
وتیشی‌، "بەرنامەی زۆرمان هەبووە بۆ پێشخستنی کەرتی خوێندن وەک هەموو کەرتەکانی دیکە، بەڵام هەرەسهێنانی باری ئابووری لەجیهان کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستانیش هەبووە، بەڵام ئێمەی نەوەستاندووەو بەپێی ئەو پێداویستییانەی لەبەردەستمانە، بەردەوام دەبین لەدروستکردن و بەجێگەیاندنی ئەو پرۆژانەی لەکابینەکەدا بەڵێنمانداوە."

سەرۆکی‌ حكومه‌تی‌ هەرێم راشیگه‌یاند، "ئازادی ئەم وڵاتە بەرهەمی رەنج و خەباتی خەڵکی پیش ئێمە بووە، ئەرکی سەرشانی هەمومانە ئەم بەرهەمە بپارێزین. داواتان لێدەکەم رێگە نەدەن هیچ کەس و هیچ شتێک وڵاتەکەتان و مێژووە پڕ سەروەرییەکەی لەبەرچاوی ئێوە ناشرین بکات."
 
 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×